سەندیکای رۆژنامەنووسان: هەڕەشەکانی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هاوکات ئەو بڕیارانەی حکوومەتی عێراقی رەتکردەوە کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکەن و رێکاری تاکلایەنە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی هەرێم دەسەپێنن.
چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە بایەخەوە چاودێریی پێشهاتەکانی هەڵوێستە سیاسییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و بەم بۆنەیەشەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ راگەیەنراوەکەی ئەمڕۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین.
لە راگەیەنراوەکەی سەندیکادا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکەیدا هانی حکوومەتی فیدراڵیی داوە بۆ پابەندبوون بە نەگۆڕە نیشتمانییەکانەوە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان بە پێی ماددەکانی دەستوور.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان جەختی کردووەتەوە لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ رەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی حکوومەتی عێراق کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی رێکاری تاکلایەنە دەکەن و دەست بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەبەن؛ دووپاتیشی کردەوە، "ئەمە لە خۆیدا بە پێشێلکردنێکی زەقی رووحی دەستوور و مافەکانی هەرێم دادەنرێت".
هاوکات سەندیکاکە داوای لە رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە، هەڵوێستێکی هاوسۆزییان هەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان و رەتکردنەوەی ئەو هەڕەشانەی دەست بۆ قەوارەی هەرێم دەبەن؛ روونیشی کردووەتەوە کە ئەم هەڵوێستە لە چوارچێوەی ماددەی (20) بڕگەی شەشەمی یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستاندایە، کە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، سیستەمی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی وەسف دەکات و پشت بەو ئامانجانە دەبەستێت کە سەندیکای لەسەر دامەزراوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان هیوای خواستووە کە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و هاوبەشی چارە بکرێن، لە پێناو پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق.