سه‌در بانگه‌شه بۆ شۆڕش ده‌كات
سه‌در: كار له‌كار ترازاوه
K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه چاوه‌ڕوانكراوه بڵاوكرده‌وه، كه بڕیاره هه‌ینی داهاتوو 25ی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه بچێت و دووپاتی كرده‌وه، سه‌رجه‌م سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق له ترسی چالاكی و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل "له حاڵه‌تی تۆقێنه‌ر و هێستریا"ـدا ده‌ژین.
له به‌یاننامه‌كه‌یدا سه‌در رووی قسه‌كانی له خۆپیشانده‌ران و لایه‌نگرانی كرد و گوتی: "ئه‌ی شۆڕشگێڕه تووڕه‌كان.. به‌و هیوایه‌ی ئاماده‌كاری باشتان كردبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له 25ی ئه‌م مانگه‌ی زاینی خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه مافێكه له مافه‌كانی ئێوه، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان پێ رابگه‌یه‌نم كه له پشتی په‌رده‌كانه‌وه چی ده‌گوزه‌رێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "سه‌رجه‌م سیاسه‌تمه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداران له ترسی چالاكی و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل تۆقیون و له حاڵه‌تی هێستریادا ده‌ژین"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌موویان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن خۆیان ئاماده بكه‌ن.. به‌ڵام نه‌یانتوانیوه و ناشتوانن، چونكه كار له‌كار ترازاوه".
سه‌در جه‌ختی كرده‌وه، "هه‌موویان ده‌یانه‌وێت به شێوازه‌كانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بێده‌نگتان بكه‌ن، وه‌ك بانگه‌شه بۆ دامه‌زراندن، مووچه و به‌ڵێنی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه، هه‌مووشیان خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده كردووه و له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كۆبوونه‌ته‌وه.. به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌مه نییه"، گوتیشی: "حكوومه‌ت ناتوانێت چاكسازی له‌وه‌دا بكات، كه له سه‌ر بنه‌مایه‌كی گه‌نده‌ڵ و هه‌ڵه داڕێژراوه".
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ڵێت: "هه‌موویان دركیان به‌وه كردووه، كه خۆیان راده‌ستی ئه‌وانه كردووه، كه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراقن و خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان ده‌ربكه‌ن.. بۆ هه‌موو بڕیارێك پێویسته له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئاراسته بكرێن، هه‌ستیش به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێستا عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیسابه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، هه‌موویان ئه‌وه ده‌زانن كه زۆرینه‌ی گه‌ل ئه‌وان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی "شۆڕشی كفنه‌كان" رۆشناییه‌كی نوێی دایه‌وه".
سه‌در دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ر بۆیه‌ش په‌نایان بۆ فڕوفێل بردووه و ئێوه‌ش به نه‌زان ده‌زانن و به گه‌مژه وه‌سف ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان نه‌زان و گه‌مژه‌ن، به‌ڵام هه‌ستی پێ ناكه‌ن، ئێوه به ئاژاوه‌گێڕ و پشتیوانیكراو له‌لایه‌ن ده‌ره‌وه ناوده‌به‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان له بڕیاره‌كانیان په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ده‌كه‌ن، ئێوه به به‌عسی و ناپاك و هاوكاری داگیركا‌ر وه‌سف ده‌كه‌ن، ئێمه به‌و هاوارانه له گه‌ڵتانین، كه هه‌میشه له قورگمان ده‌رده‌چێت و ده‌ڵێین: نه‌خێر نه‌خێر بۆ به‌عسی، نه‌خێر نه‌خێر بۆ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆش ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه چه‌ك هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئێوه ئه‌و كاره بكه‌ن، چونكه ئێوه تینووی خوێنی هیچ كه‌سێك نین".
سه‌در گوتی: "ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق نییه، یه‌ك بگرن و وه‌ك گه‌لێكی یه‌كگرتوو با یه‌ك داواكاریتان هه‌بێت و بۆ یه‌ك ئامانج بێت و به یه‌ك دروشم ده‌ركه‌ون"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌رگیز لێك دانه‌بڕێت.. هێزی ئێوه له یه‌كگرتندایه"، روونیشی كرده‌وه، "باش بزانن ئێوه له‌به‌ر چاوی هه‌موو جیهانن.. هه‌ندێك هه‌ن ئارامیان به ئێوه گرتووه، جۆش و خرۆش ته‌پڵی دڵی گه‌لانی عه‌ره‌بی لێداوه و له سه‌ره‌تاش لوبنان".
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت ئازاد بن، سه‌ره‌تا چاكسازی له خۆتان بكه‌ن ئینجا ئه‌وه بڵێن كه ده‌تانه‌وێت بیڵێن و ده‌نگی خۆتان به‌رز بكه‌نه‌وه.. خودا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناگۆڕێت تا به خۆیان خۆیان نه‌گۆڕن" و گوتیشی: "ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت ئازاد بن له وڵاته‌كه‌تان، پێویسته له‌سه‌رتان خۆتان له گه‌نده‌ڵكاران رزگار بكه‌ن و چاوه‌ڕێ نه‌بن حكوومه‌ته‌كه‌تان ئه‌وان دادگایی بكات، بۆیه خۆتان دادگاییان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مێژوو گه‌واهیتان بۆ بدات".
سه‌در گوتی: "عێراق ئه‌مانه‌تی ده‌ستی ئێوه‌یه و له‌ده‌ستی نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر شۆڕشتان بوێت.. ئه‌وا شۆڕشێكی دیكه بۆ ئێوه له رێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدان و به ده‌ستی وڵاتێكی ئارام، به‌بێ به‌شداریپێكردنی سیاسه‌تمه‌دارانی ئێستا و رێگه‌یان پێ نه‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به گه‌نده‌ڵی نوێوه بۆتان نه‌گه‌ڕێنه‌وه و تووشی شكستتان نه‌كه‌ن".
سه‌در هۆشداریشیدا، "ئه‌ی سوپای عێراق، ئه‌وه گه‌لی ئێوه‌یه، ئه‌وان داعش نین و داگیركاریش نین، نه‌كه‌ن رووی چه‌كه‌كانتان له رۆڵه و خوشك و براكانتان بكه‌ن، نه‌كه‌ن زیندانه‌كانی پێ پڕ بكه‌نه‌وه، به‌ڵكو زیندان بۆ گه‌نده‌ڵكاران و تیرۆریستانه، نه‌كه‌ن شۆڕشگێر دادگایی بكه‌ن و ده‌ستیش له گه‌نده‌ڵكاران بپارێزن".
هه‌روه‌ك سه‌در رووی قسه‌كانی له وڵاتانی دراوسێش كرد و گوتی: "ئه‌ی دراوسێكان، واز له گه‌ل بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات.. ئه‌گه‌ر گه‌ل بڕیاریدا، پێویسته هه‌موو لایه‌ك گوێ بۆ ده‌نگی بگرێت، ئه‌گه‌ر گه‌ل بێده‌نگیش بوو، پێویسته له‌سه‌رتان ئێوه‌ش بێده‌نگ بن".
H.B