سلێمانی.. چیرۆكی نهنه كوكوی قسه خۆش
دایكی 5 منداڵ بووه و هیچیان له ژیان نهماون
K24- سلێمانی:
دایە ئامینە ئهو ئافرهته بەساڵاچووهی شاری سلێمانیە، كه به نەنە کوکوو ناسراوه و، له ناو خهڵك به قسە خۆش و وشە جوانەکانی ناوزهد دهكرێت، رۆژانە بە نێو بازاڕدا دەگەڕێت و خەڵکی لە خۆی کۆدەکاتەوە، ھەر کەسێكی بەھۆی قسە خۆشهکانیەوە ھاوکاریشی بکات، ئهویش له بهخشندهییهكانی بێبهش ناكات.
نهنه كوكو لەگەڵ ھاوێشتنی ھەر ھەنگاوێ، قسەی خۆش دەکات, ھەر کەس تەماشای بکات و گوێ بۆ قسەکانی ڕاگرێت، مەحاڵە چەند دەقیقەیەك پێنەکەنی، چەند پارەی دەست بکەوێت، دەیکات بەدوو بەش، بەشێك بۆ خۆی و بەشێکییش بەو گەنج و منداڵانە دهبهخشێت، کە ھاوکاری دەكهن.
ھەر رۆژێك ئافرهته قسه خۆشهكه نەچێتە بازار، دووکاندارەکان دەکەونە سۆراخ پرسینی, سەرباری زۆری تەمەنی، بهڵام ھەموو ڕووداوەکانی پێش سەدەیەکی بیرماوە.
دایە ئامینە وەك خۆی باسی دەکات, بۆیە حەز دەکات پێی بلێین نەنە کوکو، تا منداڵان و گەنجەکان لەھەندێك ئەرکی ژیان ھاوکاری بن.
کو کو دوای گەڕانەوەی لە بازاڕ بۆ ماڵهوه، ئەرکێکی قورسی دیكهی لەسەر شانە، ئەویش خزمەتکردنی ھاوسەرە پەکەوتەکەیەتی.
دایە ئامینە بەوپێەی خوێندەواری نیە، نەدەزانی تەمەنی چەندە و نە دەشزانێ کەی ھاوسەرگیری لەگەڵ دەروێش محەمەد کردووە، بەڵام باش ڕۆژی ھاوسەرگیریەکەی بیرە، ٥ منداڵی بووە و سهرجهمیان بە ڕووداوی جۆراوجۆر لەژیان نەماون، ئیستاش لەناو کووخێکی بچووك لەگەڵ دەرویشی هاوسهری ژیان دەگوزەرێنن.
H.B