بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزای ئێران كەوتە واری جێبەجێكردنەوە
"لە ئەمڕۆوە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزای ئێران كەوتە واری جێبەجێكردنەوە و ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەتوانن بەبێ ڤیزا سەردانی ئێران بكەن.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆوە بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزای ئێران بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و عێراق كەوتە واری جێبەجێكردنەوە و ژمارەیەك ھاووڵاتی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ بەبێ ڤیزا چوونەتە ئێران و ھیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەبووە".
لەبارەی رێنماییەكانەوە گوتی: "ھەر كەسێك دەچێتە ئێران تەنھا لە دەروازە سنوورییەكان تەنھا مۆری چوونە ژوورەوە لێدەدەن، ھەروەھا وەك یاسایی نێودەوڵەتی نابێ پاسپۆرت ماوەی بەسەرچوونی لە 6 مانگ كەمتر بێت".
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەشدا: "بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە ھەڵگرتنی ڤیزای ئێران بۆ ھاووڵاتییانی عێراقی ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، چونكە پێشتریش عێراق دوو مانگی ڤیزا بۆ ھاووڵاتییانی ئێران ھەڵگرتبوو".
ھ.م