ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق ده‌گاته‌ 90 ملیۆن كه‌س

داوای رێکخستنی رێژەی لە دایکبوون دەکات

K24 – هه‌ولێر:

مەنار عوبێدی، شارەزای ئابووری عێراق داوای كرد رێژەی لە دایکبوون لە عێراق رێکبخرێتەوە.

ئەو شارەزا ئابووریە گوتی: ئەگەر بەو شێوەیە رێژەی لە دایکبوون بەردەوام بێت بۆ ساڵی 2057 ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگاتە 90 ملیۆن کەس.

عوبێدی لە توێژینەوەیەکیدا ده‌ریخستووه‌، گەورەترین کێشە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، گەشەی رێژەی دانیشتووانە بە جۆرێک ئاستەکەی گەیشتووەتە 2.5% ساڵانە، ئەوەش بە واتای ئەوەدێت ژمارەی دانیشتووان ساڵانە یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات.

ئەوەش روون دەکاتەوە، ئەگەر کۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە نەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ دوو ملیۆن کەس ساڵانە بەرزدەبێتەوە کە ئەوەش ژمارەیەکی یه‌كجار زۆرە.

عوبێدی پێشبینی كرد، ژمارەی دانیشتووانی عێراق تا ساڵی 2057 بۆ زیاتر لە 90 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر پلانە ستراتیژییە درێژخایەنەکان کە بەو ژمارەیە ناتوانێت قبووڵی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان لە لایەنی پەروەردە و تەندروستی و هەلی کار بکات.

ئەو شارەزایە پێی وایە، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عێراق لە 50 ساڵی داهاتوو بۆ شەش ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزدەبێتەوە، نرخی بەرمیلێکیش بۆ ساڵی 2057 پێشبینی دەکرێت نزیکەی 70 دۆلار بێت، بەوەش تێکڕای داهاتی تاک ساڵانە بە رێژەی 23% دادەبەزێت".

تالب عوبێدی داوای كرد، دەست بکرێت بە دیاریکردنی رێژەی منداڵبوون کە رێژەی گەشە 1% بێت ساڵانە، دواتر کار بکرێت لەسەر توێژینەوە ستراتیژی بۆ قبووڵ کردنی ئەو ژمارەیە بۆ کەرتی پەروەردە و تەندروستی و دابینکردنی هەلی کاری گونجاو بۆ دانیشتووان.