ئهمڕۆ ههشتهمین ماراسۆنی نێودهوڵهتی ههولێر دهستیپێكرد
ماراسۆنهكه به سپۆنسهری میدیایی كوردستان24 بهڕێوه دهچێت
ئهمڕۆ هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان٢٤ دهستیپێكرد کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی پێنج هەزار کەس بەشداریی ماراسۆنەکە بکەن و ٣٥٠ راکەری بیانیش لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم ماراسۆنە هاتوونەتە کوردستان.
لهوهتهی ساڵی ٢٠١١ـهوە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ هەشتەمین وەشانی ماراسۆنەکە دەکرێت، کە ساڵانە هەزاران کچ و کوڕ بەشداریی ئەم ماراسۆنە دەکەن و یەکێکە لەو ماراسۆنە باوەڕپێکراوانەی لە جیهاندا راکەرێکی زۆری بیانی لەپێناوی بەشداریکردن تیایدا دێنە هەولێر.
لە هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر سێ پێشبڕکێی لهسهر 3 ئاستی جیاواز دەکرێت، نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار کەس بەشداریی تیادا دەکەن و زیاتر لە ٣٥٠ راکەری بیانی پشکداریی لەم ماراسۆنە دەکەن، کە لەلایەن ١٥٠ ناوبژیوانەوە سەرپەرشتی پێشبڕکێیەکان دەکرێت.
پێشبڕکێی خێزانی درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت و لە شەقامی دەوروبەری پارکی سامی عەبدورەحمان بەڕێوە دەچێت و ئەم پێشبڕکێیە تەنیا لەپێناوی بەشداریکردنە.
نیو ماراسۆنیش دەکرێت، کە مەودایەکەی ١٢ کیلۆمەتر دەبێت و ئەم پێشبڕکێیە لە شەقامی 40 مەترییەوە دەستپێدەکات و راکەرەکان خولێک بە دەوری شەقامی ٦٠ مەتری لێدەدەن و خاڵی کۆتایی ماراسۆنەکە لەناو پارکی سامی عەبدورەحمان دەبێت، خاوەنی پلەی یەکەم ٧٠٠ دۆلار وەردەگرێت و براوەی دووەم ٥٠٠ دۆلار و براوەی سێیەمیش ٤٠٠ دۆلاری پێدەبەخشرێت.
ماراسۆنی تەواو کە بەپێی یاسا و رێنماییە جیهانییەکان دەکرێت، مەودایەکەی ٤٢ کیلۆمەتر و ١٩٥ مەتر دەبێت، بەشداربووانی ئەم ماراسۆنە کە زۆرتر راکەری پرۆفیشنالن، چوار خول بە دەوری شەقامی ٦٠ مەتری لێدەدەن، لەسەر شەقامی ٤٠ مەتری دەستپێدەکەن و لەناو پارکی سامی عەبدورەحمان کۆتایی پێدەهێنن.
براوەی یەکەم دوو هەزار دۆلار بەدەست دەهێنێت، براوەی دووەم ١٣٠٠ دۆلار و براوەی سێیەمیش هەزار دۆلاری پێدەبەخشرێت.
ئەمساڵ بۆیەکەمجار خاوەنی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوڕان و کچان خەڵات دەکرێن و ئەو راکەرەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت لەسەر ئاستی کوڕان و کچان بە ٥٠٠ هەزار دینار خەڵات دەکرێت.