تیمێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان

"تاوانه‌كان به‌ دۆكیومێنت ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

ئەو تیمەی كە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ كۆكردنەوەی تاوانەكانی داعش لە عێراق پێكیھێنابوو، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و دەستیان بە كارەكانیان كردووە، بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە واژووی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاراستەی وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە بۆ ئەوەی ھاوكاری لێژنە نێودەوڵەتیيەكە بكەن.

تاوانەكانی داعش لەلایەن تیمێكی نێودەوڵەتییەوە به‌ دۆكیومێنت ده‌كرێن، ئەم تیمە بە بڕیاری 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تی له‌ ساڵی 2017 پێكھێنراوە، سەرەتای كارەكانیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا دەستيپێكرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ ھەرێمی كوردستانیش ھاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی تاوانەكانی داعش لە راپۆرتێكی تێر و تەسەلدا جێبكەنەوە.

ئەم تیمە چەند جارێك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە، نووسراوێكیش بە واژووی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە بۆ ئەوەی ھاوكاری و كارئاسانی لێژنە نێودەوڵەتییەكە بكەن.

ئەیاد كاكەیی پارێزەری خۆبەخشی كۆكردنەوەی تاوانەكانی داعش دەڵێ، بەڵگەی زۆر ھەن كە تاوانەكانی داعش بە جینۆساید بناسێنن.

بایەخی ھاتنی ئەم تیمە نێودەوڵەتییە بۆ ھەرێمی كوردستان لەوەدایە كە راستەوخۆی لەژێر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دایە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بە ھۆی ئەندامنەبوونی عێراق لە دادگای لاھای، كورد ناتوانێت ئەو تاوانەنەی بەرامبەری ئەنجامدراوە بەتایبەت لەلايه‌ن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە بە جینۆساید بیانناسێنێت.

ئ. م