شوفێرێك لە گەرمیان ھاووڵاتییەك دەكا بەژێر ئۆتۆمبێلەكەی و ھەڵدێت

پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا

K24 - گەرمیان

لە قەزای كەلاری دەڤەری گەرمیان شوفێرێك خۆی كێشا بە كەسێك و ھەڵات، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە ھاووڵاتییەكە گیانی لەدەستدا.

 موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری لە پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو لە گەڕەکی کەلاری کۆنی قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک لەجۆری ئەڤەلۆن هاووڵاتیەک بەناوی عەلی ئیسماعیل ئەلیاس لەدایکبووی 1991 دەشێلێت و هەڵدێت پاش گەیاندنی بریندارەکە بە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا پۆلیس توانی ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانەکەی بێ ئەنجامدراوە بدۆزێتەوە، لەئێستادا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوەو شۆفێرەکەش بەپێی مادەی 24ی هاتووچۆ بەندکراوە".

ھ.م