وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە
باس لە کوشتنی خۆپیشاندەران دەکات
K24 – ههولێر:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە، چەک لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێندرابێت و بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدا و دیوانییەش لەکارەکانیان دوورخرانەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەئەمنییەکان پارێزگاریان لە خۆپیشاندەران کردووە و بەهیچ شێوەیەک چەک دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهاتووە، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک کەس خۆپیشاندانەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تەقەی راستەوخۆ لە هێزەئەمنییەکان بکەن، کە بەهۆیەشەوە چەند کارمەندێک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەندێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاسەوانانی بارەگا حزبییەکان کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردووە، وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدا و پارێزگای دیوانییەی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
تەنیا دوێنێ هەینی، 40 خۆپیشاندەر لە عێراق کوژران و زیاد لە سێ هەزاری دیکەش برینداربوون.
H.J