سێ كەس لە سلێمانی لەسەر جادوگەری دەستگیر كران

كەسێكی دیكە بە تۆمەتی دزینی ئامێری رووپێوی گیرا

K24 - سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی سێ تۆمەتباریان دەستگیر كرد، كە جادوگەریان كردووە و بە فێڵ پارەیان لە خەڵك وەرگرتووە. ھەروەھا كەسێكی دیكە بە تۆمەتی دزینی ئامێرێکی‌ روپێوی دەستگیر كراوە.

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "لەچالاکییەکدا مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشنی‌ تاوانی‌ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی سێ تۆمەتباری‌ بەڕەگەز ئێرانییان دەستگیرکرد، کە لە شاری‌ هەولێر لەژێر ناوی‌ کاری‌ تەڕدەستی‌ (سیحرو جادو) بەفێڵ پارەیان لەهاووڵاتیان وەرگرتبوو".

ئاماژە بەوەشكراوە: "تۆمەتبارەکان بە فەرمانی‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 456 لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "لەلایەکی‌ دیکەوەو دوای‌ تۆمارکردنی‌ سکاڵای‌ هاووڵاتییەک کە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی‌ نیشتەجێبون لەشاری‌ سلێمانی‌ ئامێرێکی‌ روپێوی‌ لێدزراوە، مەفرەزەکانی‌ پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانرا کەسێک بەتۆمەتی‌ بردنی‌ ئامێرەکە دەستگیربکرێت‌. هەروەها مەفرەزەکانی‌ پۆلیس توانیان دەستبگرن بەسەر ئامێرەکەدا کە نرخەکەی‌ دەگاتە بڕی‌ 15 هەزار دۆلار".

ھ.م