رێنماییه‌كانی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ كوردستان راگه‌یه‌ندران

ده‌قی رێنماییه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (2019 -2020) بەڕەچاوکردنى کواڵێتى خوێندن و رەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ خوازیاران دەرکرد.

دواى ئەوەى لە کۆبونەوەى ژمارە (٥)ى ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان، کە لە ڕێکەوتى (1/10/2019) و (6/10/2019) بەڕێوەچوو و تێیدا رێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆراى بۆ ساڵى خوێندنى (2019 - 2020) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پەسەند کرد، ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (27/10/2019) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى ڕێنماییەکانى ئیمزا کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، رێنمایی ژمارە (5) کە بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییە دەبێت.

بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/ ماستەر کلیک (لێـــــــره‌) بكه‌.

بەهەمان شێوەش رێنمایى ژمارە (6) کە بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییانە دەبێت.

بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/ دكتۆرا کلیک (لێـــــــره‌) بكه‌.

لەو بارەیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لە رێنماییەکانى ئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا گۆڕانکارى بنەڕەتى لە مەرجەکانى پێشکەشکردن، توانستى زمان، تەمەن، پلان و کورسى خوێندن كراوه‌، بەشێوەیەک هه‌وڵمانداوه‌ دەرفەتی زیاترى خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان له‌ناوخۆی وڵات بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئه‌وه‌شی راگەیاند، دەمانەوێت دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانمان رێگر بێت لە چوونە دەرەوەى سامانى نیشتمانى وڵاتەکەمان، د. ئارام محمد قادر وتیشى: بەڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵاى ماستەر و دکتۆرا، زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەر دەکەین، بەم شێوەیەش هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەکرد و بۆ هەرێمەکەمان بکەین.

واش بڕیاره‌، لە ئایندەییەکى نزیکدا وەزارەتەکەمان بەنوسراوى فەرمى داواى پلان لە زانکۆکان بکات، دواى ناردنى پلانەکان و پەسەندکردنیان، وه‌زاره‌ت ماوەى پێشکەشکردن و كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى خوێندنى ئەکادیمى رادەگەیەنێت.