سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق دەکات

گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرا

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 27/10/2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کرد. 

لە دیدارێکدا کە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرا. جەختیش کرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا بەپێی دەستوور.

هەروەها باس لە گرنگی هەبوونی هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرایەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش. 

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە رێز لە داواکاریی ئاشتیانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بگیرێت و هەروەها پشتگیرییش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.