له كهركووك كوڕ و برایهكی راكان جبووری دهستگیركران
دوازدە فەرمانبەری دیوانی پارێزگا دەستگیر كران
K24 – كهركووك:
لەسەر بەهەدەردانی پارەی شارەکە پەرلەمانتارێکی عێراق، سکاڵای دژی پارێزگاری کەرکووک، راكان سهعید جبووری و ژمارهیهك له فهرمانبهرانی دیوانی پارێزگا تۆمار كرد.
دیلان غەفور، ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، له پشكی پارێزگای كهركووك له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگهیاند، ئەمڕۆ بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکووک و لەسەر سکاڵایەکی ئێمە، فەرمانی گرتن بۆ دوازدە بەرپرسی دیوانی پارێزگا دەرچوو.
گوتیشی: ئەو سکاڵایە لەسەر بەهەدەردانی 950 ملیون دینارە کە پارێزگاری نایاسایی کەرکووک بەشێوەیەکی نایاسایی خەرجی کردووە لەماوەی ساڵێک بەهەدەری داوە بۆنان خواردن و مەرسروفاتی نوسینگەکەی.
بە وتهی ئەو پەرلەمانتارە، لەناو دەستگیرکراوەکان، قوتهیبە راکان جبوری هەیە، کە کوڕی پارێزگاری کەرکوکە و سکرتێری تایبەتی باوکێتی، هەروەها عەلی جبوریش هەیە کە برای ناوبراوه، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی بەرپرسی بەشی گرێبەستەکانی دیوانی پارێزگا و چەند فەرمانبەر و بەرپرس بەشێک کەسەرجەمیان ئێستا دەست بەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر بەهەدەردانی ئەو بڕە پارەیە.
ئەو پارەی کە راکان جبوری خەرجی کردووە، بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعشە کە بودجەیەکی تایبەتە.
دیلان غهفور باسی لهوهشكرد، تاکو ئێستا دووجار راکان جبوری لەسەر ئەو پرسه چووهتە دادگا، بەڵام هێشتا پرسهكه دانەخراوە و ئەگەر هەیە جاری دیکە ببرێتەوە پێش دادگا.