وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: لەناوبردنی بەغدادی هەنگاوێکی گرنگە بەڵام کۆتایی تیرۆر نییە

کۆتایی تیرۆر و توندڕه‌ویی نییە

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل له‌ باره‌ی كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لیفه‌ی داعشه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: هەرێمی کوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژ داعش، بەردەوامە لە رووبەڕبوونەوەی هزری تووندڕەوی.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لەناوبردنی ئەم گه‌وره‌ تیرۆریستە، کۆتایی تیرۆر و توندڕه‌وی نییە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناوبردنی ئه‌بوبه‌كر بەغدادی، سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بەڵام کۆتایی تیرۆر و توندڕه‌ویی نییە. 

هەرێمی کوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژ داعش، بەردەوامە لە رووبەڕبوونەوەی هزری تووندڕەوی. لەم پێناوەشدا قوربانیەکی زۆری داوە و هەر لە سەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانیش ئەفسانەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تێکشکێنرا و ئەمەش بووە سەرەتای داڕمانی ئەم رێکخراوە تیرۆریستیە.

بێگومان لەناوبردنی ئەم گه‌وره‌ تیرۆریستە، کۆتایی تیرۆر و توندڕه‌وی نییە. بەڵکو دەبێت هۆكاره‌كانی سەرهەڵدانی بیری تووندڕەوی بنبڕ بکرێن و هەوڵی جددیش بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و لێکەوتەکانی تیرۆر و تووندڕەویی. 

جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

27 تشرینی یەکەم 2019