سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا رەوشی عێراق و پەنابەران تاوتوێ دەکەن

باس لە رەوشی ئاوارەکان و سەقامگیریی ناوچەکە کرا

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلە دیل باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق كرد و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست.

لە دیدارەكەدا كە خاتوو باڕباڕا ڤۆلف كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و جێگرەكەی سڤێن كڕاوسپێ ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، پێزانینی هەبوو بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی كوردستان و راشیگەیاند وڵاتەكەی سوپاسگوزارە بۆ رۆڵی هەرێمی كوردستان لە پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كە ئەركێكی قورسە.

ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و هەروەها كار و چالاكییەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەكان ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان دەرگەی كراوەیە بۆ ئاوارەكان و پێویستی بە یارمەتی و پشتیوانیی ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە لە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیە كاریگەریی گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی سووریا لەسەر سەقامگیریی هەرێم و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاییندەی عێراق و ناوچەكە بە تایبەت لەدوای كوشتنی بەغدادی تاوتوێ كرا.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕەوشی كەركووك تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

H.J