دانپێدانانی ده‌ستگیركراوێكی داعش: كچانی ئێزدیمان به‌سه‌ر خۆماندا دابه‌ش ده‌كرد
ورده‌كاری په‌لاماردانی گردعوزێر ده‌گێڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
گۆڤاری قه‌زای عێراق، دانپێدانانی یه‌كێك له ده‌ستگیركراوانی داعشی بڵاوكرده‌وه، تێیدا باسی له‌وه كردووه، له هێرشی سه‌ر شنگالدا، گه‌وره و بچووكیان كۆمه‌ڵكوژ كردووه، كچانی ئێزدیشیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش كردووه.
ئه‌و سوراقه، نازناوی داعشیانه‌ی ئه‌و تیرۆریسته‌یه، كه له لایه‌ن دادگاوه سزای به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
ئه‌و له دانپێدانانیدا ئاشكرایكردووه، كه "به‌شداری له‌تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان كردووه. منداڵی سه‌رووی ته‌مه‌ن 3 ساڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌یان كوشتووه و كچه‌كانیشیان دابه‌ش كردوون بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كه‌نیزه‌ك به‌كاریان بهێنن".
دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا، به پشت به‌ستن به مادده‌ی چوار له یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری ساڵی 2005، ده‌قی دانپێدانانی ئه‌بو سوراقه‌ی په‌سند كردووه.
ئه‌بوسوراقه، ناوی "ع.ئ.ح"ه و له دایكبووی 1989یه و له ناحیه‌ی گیاره ژیاوه و پێشتر خێزانه‌كه‌یان نیشته‌جێی ناحیه‌ی محه‌له‌بییه بوونه و له 2ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2014 په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه كردووه.
دواتر چووه‌ته ناو خوله‌كانی په‌روه‌رده‌ی داعشه‌وه و چه‌كی پێدراوه و په‌یوه‌ندی به دیوانی سه‌ربازییه‌وه كردووه و له ویلایه‌تی دیجله ئه‌ركی پێ سپێردراوه. 20 رۆژیش خولی تایبه‌ت به به‌كارهێنانی دۆشكه و ئاڕ بی جی بینیوه. دواتر كراوه‌ته كارمه‌ندی بێته‌ل و ئه‌ركی ئه‌وه بووه په‌یامه جه‌نگییه‌كانی داعش له رێی بێته‌له‌وه وه‌ربگرێت و ئاراسته‌یان بكات.
ئه‌بو سوراقه باسی له‌وه‌شكردووه، "تیپه‌كه‌یان 15 كه‌س بوونه و راسپێردراوون بچنه شه‌ڕی شنگال و كاتژمێر 3ی به‌ره‌به‌یان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی گردعوزێر و كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان كردووه".
ئه‌بو سوراقه ئه‌وه‌شی گوتووه: "چوارده‌وری خێزانه ئێزدییه‌كانیان ته‌نیوه، له منداڵی ته‌مه‌ن 3 ساڵ به‌سه‌ره‌وه كوشتوویانه، ته‌نیا ژماره‌یه‌ك له كچانیان هێشتوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیان بكه‌نه سه‌ر".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئه‌وان نزیكه‌ی 200 چه‌كداری داعش بوونه و بێ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ چوونه‌ته ناو ناحیه‌كه‌وه".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، "دواتر پاشه‌كشه‌یان پێكراوه بۆ قه‌زای بێجی و له‌وێ له ئازاری 2015دا به‌شداری چه‌ند شه‌ڕێكی كردووه و پاشان ره‌وانه كراوه بۆ كه‌رتی گه‌یاره و له‌وێش له چه‌ند شه‌ڕێكدا به‌شداری كردووه".
له دانپێدانانه‌كه‌یدا ئه‌بو سوراقه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، یه‌كه‌كه‌یان پاشه‌كشه‌ی پێكراوه بۆ ناحیه‌ی حه‌مام عه‌لیل و دواتر چووه‌ته كه‌رتی جزیره و دوای تێكشكانی داعش چه‌كی فڕێ داوه و خۆی له‌به‌ر چاوان ون كردووه و دواتر روویكردووه‌ته كۆمه‌ڵگه‌ی جه‌دعه و پاشان چووه‌ته‌وه مووسڵ و له‌وێ ده‌ستگیر كراوه.
ئ.ر