عامری وه‌ڵامی داواكه‌ی سه‌در بۆسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له عادل عه‌بدول مه‌هدی ده‌داته‌وه
"به‌یه‌كه‌وه كار بۆ رزگاركردنی وڵات ده‌كه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و هاوكات ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی به‌دری سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی وه‌ڵامی داواكاری موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌داته‌وه.
له په‌یامێكدا كه ئاراسته‌ی سه‌در كردووه، عامری ده‌ڵێت: "به‌یه‌كه‌وه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی عێراق و رزگاركردنی وڵات ده‌كه‌ین، به شێوه‌یه‌ك كه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكات".
ئه‌م په‌یامه‌ی عامری دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی به‌در كرد، به‌یه‌كه‌وه كار بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكه‌ن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رووی قسه‌كانی له عادل عه‌بدولمه‌هدی كرد و گوتی: "وه‌ڵامێك بۆ قسه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، من له‌و باوه‌ڕه‌دابووم، داواكردنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بۆ رێزگرتنه له تۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌تی بكه‌یته‌وه، ئه‌وا داوا له هادی عامری ده‌كه‌م، یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ متمانه‌ت لێ بسه‌نینه‌وه".
سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كاركردنی به‌یه‌كه‌وه بۆ گۆڕینی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر چاكسازی ریشه‌یی، له‌ناویان گۆڕینی به‌نده‌كانی ده‌ستوور، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دا بخرێته راپرسییه‌وه".
سه‌در نووسیویه‌تی: "پێویسته گه‌ل قسه‌ی خۆی بكات.. بڕۆ".
پێشتر موقته‌دا سه‌در داوای له عادل عه‌بدولمه‌هدی كردبوو، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و له ماوه‌یه‌كی كورتدا رابگه‌یه‌نێت و دووپاتیشی كرده‌وه، ماوه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردن دیاری بكات و رێككاری پێویست بۆ "گۆڕینی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و یاساكه‌ی و خسته‌ڕووی بۆ گه‌ل" بگرێته‌به‌ر.
له وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ی سه‌دریش سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق گوتی: "هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ناكرێت و سه‌ره‌تا ده‌بێت به‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه".
سه‌در ئه‌مڕۆ له سه‌ردانێك له كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌ڕایه‌وه و له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی شاری نه‌جه‌فه‌وه گه‌یشته‌وه عێراق و هه‌ر له‌و شاره‌ش راسته‌وخۆ چووه ریزی خۆپێشانده‌ران، به‌مه‌ش خۆپیشاندانه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر ده‌ركه‌وتن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له رۆژی هه‌ینییه‌وه عێراق رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێك خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی بووه‌ته‌وه و سه‌ره‌تا داوای خزمه‌تگوزاری و ره‌خساندنی هه‌لی كار و ئاو و كاره‌بایان ده‌كرد، به‌ڵام دواجار داواكانیان له خزمه‌تگوزارییه‌وه ئاراسته‌كه‌یان بۆ سیاسی گۆڕان و داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكوومه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و یاساكه‌ی ده‌كه‌ن.
H.B