فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانی زانكۆ ده‌رچوو

بۆ یه‌كه‌مه‌كانی ساڵی خوێندنی 2015 - 2016

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، پاڵپشت بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران، فەرمانى وەزارى بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى 2015 – 2016  ئاراستەى گشت زانکۆکانى کوردستان دەکات بەمەبەستى کارى پێویست.

وێبسایتی فه‌رمی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى دەرکرد به‌ ژمارە (8682) لە (27/10/2019) نووسراوێكی ئاراسته‌ی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

پاڵپشت به‌م بڕیاره‌ش، ئه‌مڕۆ چوارشەممە رێکكەوتى 30/10/2019، بە واژۆی د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە نووسراوى ژمارە (18120) فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان دەرچوو.

فەرمانەکە ئاراستەى سەرجەم زانکۆکان و دامەزراوەکانى دیكه‌ی حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ کارى پێویست و زانین، لە خاڵى یەکەمی فەرمانەکە هاتووە: "دامەزراندنى هەریەك لە سێ یەکەمەکان لەسەر ئاستى بەش لە دەرچووانى گشت زانکۆ حکومییەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى 2015 - 2016 بەشێوەى هەمیشەیى لەسەر میلاکى وەزارەتەکەمان".

لەخاڵى دووەمیشدا هاتووە: "سێ یەکەمەکان مافى گۆڕینى شوێنى دامەزراندنیان هەیە لە ماوەى یەك مانگدا، لەسەر میلاکى وەزارەتەکەمان بۆ سەر میلاکى هەر وەزارەت و دەستە و لایەنێکى نەبەستراو بە وەزارەت، ئەویش لەدواى ڕەزامەندى و لارى نەبوونى هەردوو لایەن بۆ ئەو شوێنەى هەڵیدەبژێرن".