ئەمریکا هاوكارییهكانی بۆ لوبنان راگرت
دوای چەند رۆژێک دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری
K24 – ههولێر:
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا رایگەیاند، واشنتن 105 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئەمنی بە لوبنان رادەگرێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێک دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وهزیرانی لوبنان دێت.
بە گوێرەی ئاژانسی "رۆیتەرز"، وەزارەتی دەرەوەی ئهمهریكا، کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە، کە نووسینگەی دارایی کۆشکی سپی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو بڕیارەیان داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی ناوچەکانی لوبنان، سەعد حەریری سەرۆک وەزیران سێشەممەی رابردوو دەستی لە کارکێشایەوە.
هەروەها تا ئێستاش خۆپیشاندەران لە داواکارییەکان رژدن و لەسەر شەقام ماونەتەوە، داوای بە پەلە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکەن کە لە کەسانی تەکنۆقرات پێکهاتبێت و دوور بێت لە کەسایەتی حیزبەکان.