پاکستان هۆشدارییەکی توندی سعوودیەی گەیاندووەتە ئێران
پاکستان پەیامێکی هۆشداریدانی توندی سعوودیەی گەیاندە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی هێرشی حووسییەکان و رایگەیاند دەستدرێژی بۆ سەر ریاز رێککەوتنی ئەمنیی سێقۆڵیی نێوان پاکستان، تورکیا و سعوودیە کارا دەکات؛ لە بەرامبەردا تاران دەستوەردان رەتدەکاتەوە و هاوکات ئامادەکاریی سەربازیی ریاز و هاوپەیمانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە یەمەن بەردەوامە.
چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیاریی سەرچاوە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پاکستان لە هەوڵێکی هاوئاهەنگدا بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان، پەیامێکی هۆشداریدانی توندی سعوودیەی گەیاندە دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکو پێش بە هێرشەکانی گرووپی حووسییەکانی هاوپەیمانی لە یەمەن بگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دەستدرێژی بۆ سەر خاکی سعوودیە دەبێتە هۆی کاراکردنی رێککەوتنی ئەمنیی سێقۆڵیی نێوان ریاز، ئەنقەرە و ئیسلامئاباد و جەختی کردەوە کە "دەستدرێژی بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە وەک دەستدرێژی بۆ سەر هەرسێکیان هەژمار دەکرێت و هیچ گومانێک لەوەدا نییە".
سەرچاوە سەربازییەکانیش ئاشکرایان کردووە بەرپرسانی سعوودیە لەگەڵ نوێنەرانی سەربازیی پاکستان و تورکیا لە ریاز کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سوپاکانیان نەچنە ناو خاکی یەمەنەوە و هەر وەڵامدانەوەیەک تەنیا لە خاکی سعوودیەوە بێت، هەروەها رۆڵی هێزەکانی پاکستان تەنیا بۆ بەرگری و پشتیوانیی تەکنیکی، ئاسمانی و زەمینی لە ناو سنووری سعوودیەدا سنووردار دەبێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی تاران، بەرپرسێکی باڵای ئێران گەیشتنی پەیامەکەی لە رێگەی پاکستانەوە پشتڕاست کردەوە و گوتی وەڵامی وڵاتەکەی ئەوە بووە کە "ئێران کۆنترۆڵی حووسییەکان ناکات"، بەڵام دوو سەرچاوەی ئێرانی ئاشکرایان کردووە، تاران هەفتەی رابردوو داوای لە حووسییەکان کردووە هێرشەکان ئەنجام بدەن و بەڵێنی دابینکردنی پارە و چەکی زیاتری پێداون، هاوکات چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانیش بۆ بەشداریکردن لە هاوئاهەنگیی هێرشەکان چوونەتە یەمەن.
بەپێی راپۆرتەکە، هەوڵەکانی تاران بۆ تێکدانی ئاسایشی کەنداو بە ئامانجی دروستکردنی گوشارە لەسەر واشنتن تاوەکو گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە لە جیاتی لێکترازانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، رەنگە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری ئەمنیی نێوان سعوودیە، پاکستان و تورکیا.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر هێشتنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان تا ئەو کاتەی ئێران ناچار دەبێت بگاتە رێککەوتن، لە کاتێکدا قەتەر بە نهێنی سەرقاڵی ئامادەکردنی پێشنیازی نوێیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، و سعوودیەش وەڵامە سەربازییەکانی تەنیا لە دژی حوسییەکان چڕ دەکاتەوە نەک خودی ئێران.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە حووسییەکان بنکەیەکی ئاسمانییان لە شاری "خەمیس موشەیت" و ژێرخانی نەوتییان لە شارەکانی دەوروبەری کردە ئامانج و بەهۆیەوە 73 کەس بریندار بوون؛ هێرشێک کە بە یەکێک لە گەورەترین پەلامارەکان بۆ سەر سعوودیە دادەنرێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە مانگی شوباتدا.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا 54 هێرشی ئاسمانییان لە چەند پارێزگایەکی یەمەن کردووە و هۆشداری دا کە ئەم هێرشانە "بێ وەڵام و سزا تێناپەڕن".