رووسیا: ئه‌مه‌ریكا مانگانه به بڕی 30 ملیۆن دۆلار نه‌وتی سووریا به قاچاخ ده‌بات
ئه‌مه‌ریكا سه‌ربازانی له كێڵگه نه‌وتییه‌كان جێگیر كردووه
K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ریكا مانگانه بای 30 ملیۆن دۆلار، نه‌وت له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی باكووری سووریا به قاچاخ ده‌بات.
ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، بردنی ئه‌و بڕه نه‌وته نایاساییه، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر نه‌وتی نایاسایی سزا به‌سه‌ر وڵاتاندا ده‌سه‌پێنێت.
زاخارۆڤا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 1ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2019، گوتی: "پێناچێت ئه‌مه‌ریكا به‌م زووانه نیازی هه‌بێت ده‌ستبه‌رداری كێڵگه نه‌وتییه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بێت".
ئیداره‌ی تره‌مپیش به پێویستی ده‌زانێ هێزه‌كانیان بۆ پارێزگاریكردنی له كێڵگه نه‌وتییه‌كان بمێنێته‌وه، به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كانیش، ئه‌مه‌ریكا سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان و له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری جێگیری كردبوون.
هه‌رچی رووسیایه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه بڕیاری داوه و داوا ده‌كات، ته‌واوی كێڵگه نه‌وتییه‌كان و خاكی سووریاش، بخرێته‌وه ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی سووریا.
سه‌رچاوه: RT
ئ. م