سەرۆک بارزانی: دۆخی ئێستای عێراق کەڵەکەبووی فەشەلێکی 15 ساڵەیە
سەرۆک بارزانی هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکییدا لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق دەڵێت، کێشەکانی عێراق کەڵەکەبووی چەند ساڵی رابردوون و هۆکاری کێشەکانیش بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور دەگەڕێنێتەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی نووسیویەتی: "لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی كە هاتووەتە پێش و پێمان وایە كە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە. خەڵك ئێش و ئازارێكی زۆری بینیوە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی داواكاری هەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵك بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن كێشەكان چارەسەر نابن".
راشیگەیاندووە: "لەگەڵ ئەوەیشدا یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا، زۆر لەو كێشانە نەدەبوون كە پێشتر و ئێستایش هەن. لە لایەكی دیكەوە هۆكاری وردی دۆخی ئێستا یاسای هەڵبژاردنە و بۆ نەمانی هۆكاری گرفتەكان، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت.
لەبارەی داواكارییەكان لەسەر گۆڕینی دەستوور، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموكراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقە نەك دیكتاتۆری و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت".
H.J