بەناوبانگترین بەندیخانە گەشتیارییەكانی جیھان

ژمارەیەك بەندیخانە دەبنە سەرچاوەی داھات بۆ وڵاتەكانیان

K24 - ھەولێر

بەندیخانە كۆنەكانی جیھان كە دەرگایان بە رووی تاوانباران داخراوە، ئێستا بەڕێوەبەرانی ھەر بەندیخانەیەك لەوانە توانیویانە سوودی بەرچاوی لێوەربگرن و بیكەنە ئاڕاستەیەكی گەشتیاری و دەرگایان بە رووی گەشتیاراندا بكەنەوە، بەو پێییەی كە كەرتی گەشتیاری لە جیھان و ئاڕاستەكانی رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و گەشتیار ئارەزووی سەردانیكردنی شوێنێك دەكات كە جیاوازتر بێت لەو ئاڕاستانەی پێشووتر ھەڵیبژاردووە و بە رووكردن لەم بەندیخانە گەشتیارییانە داھاتێكی یەكجار باش بۆ وڵاتەكان دەمێنێتەوە.

10 بینای گەورە، كە لە بنەڕەتدا بەندیخانە بوون،  ھەر یەكە و چیرۆكێكی تایبەت بەخۆی ھەیە، مەترسیدارترین تاوانبارەكانی جیھان تێیدا زیندانی كراون و ئێستاش بۆ جیھانی دراما سوودێكی زۆری ھەیە.

بەو پێیەی كە بوونەتە  ناوچەی گەشتیاری و خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش تۆڕی دەیلی فەن ستۆری راپۆڕتێكی لەسەر 10 بەناوبانگترین بەندیخانەكانی جیھان ئەنجامداوە.

بەندیخانەی ئالكاترازلە ئەمەریكا، لەكاتی جەنگی نێوخۆیی دروستكراوە و بەناوبانگترین تاوانبارەكان لەوێ زیندانیدەكران، دواتر لە 1963 بووە ئاڕاستەیەكی بەناوبانگی گەشتیاری .

بەندیخانەی گۆل ملبۆڕن لە ئوستراڵیا، ساڵی 1840 دروستكراوە و ئاماری تەواوی مێژووی تاوانبارەكانی تێدایە، لە ماوەی رابردوودا بووە مۆزەخانە و دەرگای بە ڕووی گەشتیاران كرایەوە.

دوورگەی شەیتان لە فەرەنسا، بۆ ماوەی 150 ساڵ، زیندانییە سیاسییەكانی تێدا بەند دەكرا و ئێستاش بووەتە ئاڕاستەیەكی گەشتیاری و گەشتیار دەتوانێت رووی تێبكات.

ویلایەتی ھۆرسینز لە دانمارك، دەرگاكانی لە 2006دا داخرا، ئێستاش دامەزراوەیەكی رۆشنبیری بەڕێوەی دەبات و جۆرەھا كۆنگرە و كاری تێدا بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا گەشتیاریش دەتوانێت رووی تێ بكات.

قەڵای ئۆكسفۆڕد لە بەریتانیا، لە 1071 دروستكراوە، تەنیا پەرلەمانتارە یاخیبووەكان لە جەنگی نێوخۆی ئینگلیزدا تێیدا زیندانی دەكران، لە 2004 سەر لە نوێ نۆژەنكرایەوە و ئێستاش گەشتیارێكی زۆری بۆ دەچێت.

ویلایەتی رۆژھەڵات لە ئەمەریكا، لە 1829 كرایەوە و وەك بەندیخانەی تاكە كەسی ھەژماردەكرا، لە 1970 دەرگاكەی داخرا و بووە ئاڕاستەیەكی سەرەكی بۆ راكێشانی گەشتیار.

كیلمینھام لە ئایریلاند، لە ساڵی 1796 دروستكرا و زیندانی ئاسایی لەخۆدەگرت، دواتر بووە مۆزەخانەیەكی گەشتیاری و ھەر جارە و بۆ ماوەی 30 خوولەك، ژمارەیەك گەشتیار رووی تێدەكەن.

بەندیخانەی ليوبليانا سلۆڤينيا، ئێستا وەك ماڵێكی گەنجانەی لێھاتووە و 20 ژووری تێدا نوێكراوەتە و سەردانیكەر دەتوانێت لە یەكێك لە ژوورەكان لە كاتی گەشتدا بمێنێتەوە.

بەندیخانەی پۆرت ئارثەر لە ئوستراڵیا، لە 1833 بووەتە بەندیخانەیەكی تایبەت بە سڤیلەكان و بە دۆزەخی سەر زەوی دەناسرا، لە 1877 داخرا و لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دەرگای بە رووی  گەشتیار كردەوە.

دوورگەی رۆبن لە باشووری ئەفریقا، تێیدا تووندترین مامەڵە دژ بە زیندانیكەران بەكاردەھێنرا و زیندانی سیاسی تێدا بووە وەك نیلسۆن ماندێلا.

لەگەڵ ئەوەی كەرتی گەشتیاری رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت، گەشتیار ئارەزووی ئەوە دەكات روو لە شوێنی جیاواز و سەرنجراكێش بكات، لێرەشدا ئیدارەی ژمارەیەك بەندیخانەی مێژوویی لە جیھاندا بڕیاریان دا  ناسنامەی بەندیخانە كۆنەكان بگۆڕن و بیكەنە ناوچەی گەشتیاری و ساڵانە گەشتیارێكی یەكجار زۆر لە سەرتاسەری جیھانەوە رووی تێدەكەن و لەبەرامبەریشدا داھاتێكی یەكجار زۆر بۆ وڵاتەكە تۆماردەكرێت.

ھ.م