سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی دەکات

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم: چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2019/11/3 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆ له‌بارەی رەهەندە گشتییەکانی یاساکە و تایبەتمەندییە یاسایی و کارگێڕییەکەی کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەك یەکێك لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات پڕۆژە یاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. گوتیشی: چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت، بەڵام لە هەمانکاتدا رێگەش بە کاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت.

لێژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە  یاسای چاکسازی وەك بە شێکی گرنگی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهێنراوە.

H.B