ئێران: عێراقییەکان رێگەیان نەداوە ئەمەریکا نەوتەکەیان کۆنترۆڵ بکات

"ئەمەریكا مافی گەلی ئەو وڵاتانەی لا گرنگ نییە كە خاوەنی نەوتن"

K24 - ھەولێر

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، سەركردەكانی عێراق رێگەیان نەداوە ئەمەریكا نەوتەكەیان كۆنترۆڵ بكات.

عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە میانی وتارێدا لەكەناو پەرلەمان رایگەیاند، سەركردەكانی عێراق رێگەیان بە ئەمەریكا نەداوە نەوتیان كۆنترۆڵ بكرێت، ھەر وەك چۆن رێگە بەوە نادرێت كە نەوتی سووریا لەلایەن ئەمەریكاوە كۆنترۆڵ بكرێت. ئاماژەیان پێداوە كە نەوتی سووریا موڵكی گەل و حكوومەتی سووریایە و ئەمەریكا مافی ئەوەی نییە كە كێڵگە نەوتییەكان لەو وڵاتە كۆنترۆڵ بكات و دواتر نەوتەكەیان بدزێت.

لاریجانی راشیگەیاندووە، پێشووتریش ئەمەریكا ھەموو ھەوڵێكی خۆی دا بۆ ئەوەی كێڵگە نەوتییەكان لە عێراق كۆنترۆڵ بكات، بەڵام ئەنجامدانی ئەو كارە قورس بوو بۆی، ھاوكات ئەمەریكا مافی گەلی ئەو وڵاتانەی لا گرنگ نییە كە خاوەنی نەوتن، بەڵكو تەنیا چاوی لە كۆنترۆڵكردنی نەوتەكەیانە، ھەر ئەوەشە وادەكات گەمارۆی ئابووری بخاتە سەریان.

ھ.م