باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر دەڕوخێندرێت

پارێزگاری ھەولێر: چەندین پڕۆژەی گرنگ رەزامەندیان لەسەر دراوە

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر ئاشكرای دەكات، باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر دەڕوخێندرێت و شوێنەكەی دەكرێتە پڕۆژەیەك كە جوانكاری بێت بۆ قەڵای ھەولێر. ئاماژەی بەوەشكرد چەندین پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای ھەولێر رەزامەندیان لەسەر دراوە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە وتارێكدا كارنامەی نوێی پارێزگای ھەولێری خستەڕوو رایگەیاند: "چەندین پڕۆژە لە سنووری پارێز كەوتوونەتە واری جێبەجێكردن و چەندین پڕۆژەی دیكەش رەزامەندیان لەسەر دراوە".

پارێزگاری ھەولێر گوتی: "دوای گەڵاڵە كردنی كارنامەیەك كە تەعبیر لە ھەموو پارێزگای ھەولێر ئەمڕۆ دەیخەینەڕوو".

گوتیشی: "لە ماوەی مانگ و نیوێكدا لەگەڵ تیمی پارێزگا كۆمەڵێك ھەنگاومان ناوە، لە سەرەتاشدا بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی ھەموو قایمقامەكانمان كرد و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و فەرمانگەكان  گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆژەكان كرد، ھەندێك كار و پڕۆژەی بەپەلە ھەر ئەوكات بڕیاری جێبەجێكردنمان داوە ئەوەی دیكەش بە راپۆرت ئامادەكراوە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان قسەی لەسەر كراوە".

فرسەت سۆفی راشیگەیاند: "لە سەرەتای دەستەكاربوونمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و فەرمانگەی ھەماھەنگی توانرا رەزامەندی قەرزی ژاپۆنی وەرگیرێت كە بڕەكەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی ھەولێر، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە واری جێبەجێكردن و لە ماوەی دووساڵدا تەواو دەكرێت. ھەر لەو چوارچێوەیەدا 3 ملیۆن دۆلار بۆ گۆڕینی بۆریە كۆنەكانی ئاوی ھەولێر تەرخان كراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "پڕۆژەی دروستكردنی بینای پارێزگای ھەولێر بەھۆی قەیرانی دارایی وەستابوو، رەزامەندیمان لە سەرۆكی حكوومەت وەرگرتووە كە دەست بە پڕۆژەكە بكرێتەوە، بینای ئێستای پارێزگا دەڕوخێندرێت و بەپێی دیزانەكە ژێرەوەی دەكرێتە پاڕكینگی ئۆتۆمبێل و سەرەوەشی دەكرێتە باخچەیەك، دەبێتە پڕۆژەیەكی جوان لە دەوری قەڵای ھەولێر".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پارێزگار گوتی: "بڕیاری نۆژەنكردنەوەی ئەو بەشەی بازاڕی قەیسەری ھەولێرماندا كە سوتابوو، لەسەر بودجەی پارێزگا".

راشیگەیاند: "بە گوژمەی 3 ملیار و 800 ملیۆن دینار، لەسەر رەزامەندی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵێك پڕۆژەی بەپەلە تەرخان كراوە، ھەروەھا ئەو پڕۆژەی كە تەواو نەكراون رەزامەندیان لەسەر دراوە و دەست بە جێبەجێكردنەوەیان دەكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا زۆربەی رێگاكانی دەوروبەری ھەولێر لە ژێر چاككردن و نۆژەنكردنەوەدان".

فرسەت سۆفی، ئاشكراشی كرد: "لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەی شەقامی 120 مەتر ھەولێر تەواو دەكرێت".

راشیگەیاند: "لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی كارگەیەكی قیڕ لە دەڤەری سۆران دابمەزرێنین لەوكاتەش بارگرانی لەسەر ھەولێر نامێنێت و ئاسانكاری زیاتریش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی رێگاوبان".

لەبارەی تونێلی پیرمام پارێزگاری ھەولێر گوتی: "لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆمان كردووە و ئەو پارەی كە پێویستە بۆ تەواو كردنی رەزامەندی لێدراوە، بە جدی لەسەر خەتین بۆ تەواوكردنی پڕۆكە، كە بووەتە یەكێك لە كێشەكان و بەداخەوە كێشەمان لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار ھەبوو، بەڵام ئێستا ھیچ بەھانەیەكی كۆمپانیامان نەھێشتووەتەوە دەبێ پڕۆژەكە بەزوویی تەواو بكرێت".

ھ.م