بەرھەم ساڵح دەگاتە ھەولێر

كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییەكان لە ھەولێر ئەنجامدەدرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی ھەولێر دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دۆخی ئێستای عێراق و پێشھاتەكان تاوتوێ دەكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئامانج لە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ گفتوگۆ كردنە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستا لە عێراق لە ئارادایە".

گوتیشی: "بەرھەم ساڵح و ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق كۆدەبنەوە".

سەرچاوەكە راشیگەیاند: "سبەی رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆك كۆماری عێراق و لایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت، كە كورد چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەكانی ئێستای عێراق بكات".

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازی لە بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات.

سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لە کاتێکدایە ئێستا بارودۆخی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەکان ئاڵۆزبووە و بڕیاریشە سبەی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات.