ژن و مێردێک لە رانییە بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کران

بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر خاوەن دووکانەکە

K24 – هه‌ولێر:

ژن و مێردێک لە رانیە، بەنیازی دزینی زێڕ پەلاماری دوکانێکی زێڕنگەری دەدەن و دووکاندارەکە بەچەقۆ بریندار دەکەن.

نەخۆشخانەی گشتی فێرکاریی رانیە بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:30 خولەکی ئەمڕۆ بریندارێکیان هێناوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان کە بەچەقۆ پەلامار دراوە.

محەمەد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی فێرکاریی رانیە بۆ کوردستان24ی ئاشکرا کرد، بریندارەکە دوکانی زێڕنگەری هەیە، دووکەس کە ژن و مێردن بۆ دزێنی ئاڵتون لە دووکانەکەی بە چەقۆ هێرشیانکردووەتە سەر و برینداریان کردووە

ئاماژەی بەوەش کرد باری تەندروستی بریندارەکە جێگیرە و چارەسەر کراوە .

بەگوێرەی زانیاریەکانی کوردستان24، تۆمەتبارەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ.

H.J