مه‌سرور بارزانی: ئێمه ئه‌مه‌ریكا به دۆست و هاوپه‌یمانی خۆمان ده‌زانین
ئادام سمیس ده‌ڵێت تره‌مپ هه‌ڵه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاندی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، ئێمه ئه‌مه‌ریكا به دۆست و هاوپه‌یمانی خۆمان ده‌زانین.
ئه‌مڕۆ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی ئاده‌م سمیس، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی كۆبوه‌وه.
ئامانجی هاتنی شانده‌كه‌ی كۆنگرێس بۆ تاوتوێكردنی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و بڕیاره‌یه، كه دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ریكردووه، بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای وڵاته‌كه‌ی له سووریا.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی و سه‌رۆكی شانده‌كه‌ی كۆنگرێس، ئاده‌م سمیس لێدوانیان بۆ رۆژنامه‌نووسان دا.
سه‌ره‌تا ئاده‌م سمیس قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، رایگه‌یاند، ئێمه پشتگیری هیچ سیاسه‌تێكی سه‌رۆك تره‌مپ ناكه‌ین.
گوتیشی: ئێمه له كۆنگرێسیش دژایه‌تی ئه‌و بڕیاره‌مان كرد.
له باره‌ی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد، ئاده‌م سمیس گوتی: ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه پشتیوانی كوردی كردووه. ئیداره‌ی تره‌مپ خه‌ریكه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه له‌و بڕیاره‌ی.
ئاده‌م سمیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی متمانه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیان درووست بكه‌نه‌وه و گوتی: ده‌مانه‌وێت ئه‌و متمانه‌یه بگه‌ڕێنینه‌وه، كه له رابردوودا له ده‌ستمان داوه.
له باره‌ی لێدوانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی، كه رایگه‌یاندبوو، ئه‌مه‌ریكا بۆ نه‌وت له سووریا ماوه‌ته‌وه و ته‌نیا كێڵگه نه‌وتییه‌كانی به‌لاوه گرنگه، ئاده‌م سمیس ره‌خنه‌ی له‌و لێدوانه‌ی تره‌مپ گرت و گوتی: سه‌رۆك تره‌مپ زۆر هه‌ڵه‌یه. ئێمه ته‌نیا ئامانجمان كێڵگه نه‌وتییه‌كان نییه. بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه، گرنگه ئه‌و كێڵگانه نه‌كه‌ونه ده‌ست داعش.
هه‌روه‌ها گوتی: كێڵگه نه‌وتییه‌كان و ناوچه‌كه هی ئێمه نین. ده‌بێت سه‌رۆك تره‌مپیش له‌وه تێبگات. ئێمه بۆ نه‌وت له‌وێ نین. ئێمه ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌و ناوچه‌یه باش بن.
سه‌رۆكی شانده‌كه‌ی كۆنگرێس له باره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)، گوتی: له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده به‌رده‌وام ده‌بین. به‌یه‌كه‌وه كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بین داعش سه‌رهه‌ڵناداته‌وه.
ئاشكراشیكرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، توركیا فشاری كردووه. ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌دیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناوچه‌كه. هه‌وڵ ده‌ده‌ین، كه سووریایه‌كی نوێ بێته ئاراوه، رۆڵی كورد تێیدا به‌هێز بێت.
هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی له باره‌ی ئه‌مه‌ریكا خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، ئێمه ئه‌مه‌ریكا به دۆست و هاوپه‌یمانی خۆمان ده‌زانین و ئه‌وان به‌رده‌وام پشتیوانی ئێمه بوون له شه‌ڕی دژی تیرۆر. ئێستاش ده‌زانن تیرۆریزم هێشتا مه‌ترسییه‌كی جدییه له عێراق و هه‌موو جیهاندا.
هه‌روه‌ها گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسمان كرد، كه چۆن بتوانین به‌یه‌كه‌وه هاوكار بین بۆ دژایه‌تی تیرۆر. باسی نیگه‌رانییه‌كانی خۆمانمان كرد له‌و ره‌وشه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه. ئه‌وانیش هاوڕا بوون له‌گه‌ڵ ئێمه له زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه و به ئێمه‌یان وتووه، وه‌كو هاوپه‌یمان به‌رده‌وام ده‌بن له پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردستان.