ترەمپ لە رێککەوتنێکی دیکەی جیهانی کشایەوە
"سامانە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا ناخەمە مەترسیەوە"
K24 – ههولێر:
ئەمەریکا بە فەرمی لە رێککەوتنی پاریس بۆ پاراستنی کەشوهەوا کشایەوە.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگاداکردووەتەوە کە واشنتن لە رێککەوتنی پاریس بۆ پاراستنی کەشوهەوای جیهان کشاوەتەوە.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی پاریس بۆ پاراستنی کەشوهەوا لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بووە، کە پێی وایە رێککەوتنە زیانی گەورە بە ئابووری ئەمەریکا دەگەیەنێت.
رێککەوتنی پاریس بۆ پاراستنی کەشوهەوای جیهان ساڵی 2016 و لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمەریکا واژۆکراوە.
زانایان گۆڕانی کەشوهەوا بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر مرۆڤایەتی دەزانن بەوەی ئێستا زۆر زیاتر لە جاران بەستەڵەکەکانی زەوی دەتوێنەوە و لە هەندێک ناوچەش رووبارەکان بەورە وشکبوون دەچن و پلەی گەرمی زەوی ساڵ دوا ساڵ زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، پێچەوانەی زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکەی جیهان ئەمەی بۆ گرنگ نییە.
ترەمپ لەسەر رێکارەکان بۆ پاراستنی زەوی لە گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت: "من سامانی ئەمەریکا لەبەر خاتری خەو و ئاش و بەکارنەهێنانی وزە ناخەمە مەترسییەوە چونکە ئێمە سامانێکی زەبەلاحمان هەیە".
H.J