سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم بارودۆخی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن
ره‌وشی عێراق و ناوچه‌كه تاووتوێ ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان (سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) ده‌ستی پێ كرد، بڕیاره دواتر بە بەشداریی به‌رهه‌م سأڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هه‌رێمی كوردستانیش كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بەڕێوە بچێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگر و یاریده‌ده‌ره‌كانیان به‌شدارن.
په‌یامنێری كوردستان24 له باڵه‌خانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه رایگه‌یاند: "ره‌وشی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت و ئه‌گه‌ر و پێشهات و مه‌ترسییه‌كانی قۆناغه‌كه ده‌خرێنه به‌ر باس و گفتوگۆ. هه‌ر له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كه‌سی یه‌كه‌می پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت كراون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن. بڕیاره به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقیش به‌شداریی كۆبوونه‌وه فراوانه‌كه بكات.
كۆبوونه‌وه‌كان هاوكاتی ئه‌و بارودۆخه‌یه كه له به‌غدا به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كان و هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی حكوومه‌ت هاتووه‌ته ئاراوه. به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌نگانه‌ی په‌یدابوون بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و ئه‌گه‌ری گێڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ قۆناغه‌كانی پێشوو. له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقدا به سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌تبوون و یه‌كێك له خاڵه‌كانیش هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووری عێراق بوو.
هه‌روه‌ها ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌رپرسانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ری هه‌یه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا رووداوێكی گه‌وره، یان گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له به‌غدا روو بدات و كوردیش ده‌یه‌وێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پێشهاتێك ئاماده بێت.
به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی رابردوودا له رێگه‌ی په‌یام و به‌یاننامه‌كانیانه‌وه وێڕای ده‌ربڕینی پاڵپشتی بۆ باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه كه ئه‌و بارودۆخه‌ی له عێراق هه‌یه كه‌ڵه‌كه‌بووی كه‌مته‌رخه‌میی حكوومه‌ته‌كانی پێشوو و جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستووری عێراقه.