نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه
پێشبینییه‌كانیان بۆ داهاتووی عێراق خسته‌ڕوو
K24- هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتى كرده‌وه، هه‌رێم به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا ده‌ڕوانێت و سوپاس و پێزانيى بۆ هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ريكا دووپات كرده‌وه، كه هه‌ميشه پشتگيرى له هه‌رێمی كوردستان و عێراقی كردووه، به‌تايبه‌تى له شه‌ڕى دژى تيرۆردا و ڕۆڵى گه‌وره‌ى له تێكشاندنى داعشدا بينىوه.
ئه‌م گوتانه‌ی نێچیرڤان بارزانی، له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا هاتوون، كه به سه‌رۆكايه‌يتى ئاده‌م سميت، كۆنگرێسمانى ديموكراته‌كان و سێ ئه‌ندامی کۆنگرێس سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كان تاووتوێ كران و تيشكيان خسته‌ر سه‌ر هۆكاره‌كان و داخوازيى خۆپيشانده‌ران و پێشبينىی داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى ئه‌منیی له عێراق.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه هه‌ریه‌ك له جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق و شاندى هه‌ردوولا به‌شدار بوون، به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ديالۆگى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دۆخى ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و ڕۆڵى ئه‌مه‌ريكا بۆ هاريكارى له‌م باره‌يه‌وه، باسی لێوه كرا.
له‌باره‌ى پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختى له پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنى نێوان ته‌واوى پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان كرده‌وه، هه‌روه‌ها تيشكى خسته‌ر سه‌ر چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى كرد، كه له‌م باره‌يه‌وه هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه‌شى به يه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كييه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ت له قه‌ڵه‌م دا.
ئاڵوگۆڕكردنى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و پێشهاته‌كانى سووريا و دۆخى په‌نابه‌ران و هاتنيان بۆ هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
H.B
