سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندی ناوەندی دیالۆگی رافیدەین کرد
سهرۆك بارزانی: ناكرێت ئهوانهی بوونهته هۆی شکستەکانی ساڵانی رابردوو ئێستا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بن
K24- ههولێر:
K24- ههولێر:
رۆژی دووشەممە ٤ـی١١ـی٢٠١٩ سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی رافیدەین، كە لە ژمارەیەك كەسایەتی و دهستهبژێری ئەکادیمی و فەرهەنگیی عێراقی پێکهاتووە، کۆبووهوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی هاووڵاتییان و دۆخی سیاسیی عێراق و ئایندەی پڕۆسەی سیاسی ئهنجام درا، سەرەتا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە، را و سەرنجی خۆیان لەبارەی دۆخەکە خستەڕوو و پلانی ناوەندی دیالۆگی رافیدەینیان بۆ لێکۆلێنەوە لە دۆخی ئێستا و خستنەڕووی پێشنیازەکانیان بۆ هەنگاوی پێویستی چارەسەری، بۆ سەرۆك بارزانی شی کردەوە، دواتریش داوایان لە سەرۆك بارزانی کرد، بەرچاوڕوونیی پێویستیان بداتێ.
سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕێنی پشتیوانیی بۆ داواکارییە رەواکانی خەڵك، روونیشی کردەوە، خەڵك مافی خۆیەتی داوای ژیانێکی ئاسوودە و سەربەرزانە بکات، ئەو رەوشەی بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك، لێکەوتەی سیاسەتی هەڵەی ساڵانی رابردووە، ناکرێ بەرپرسیارێتییەکەی بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی سەرۆکوەزیرانی ئێستا و کابینەکەی و خەڵکانێك کە خۆیان هۆکاری کەموکوڕی و شکستەکانی ساڵانی رابردوون، ئێستا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بن.
سەرۆك بارزانی هەروەها ئاماژەی بە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و نەهامەتی و قوربانیدانی كورستان دا و ئەوەی خستەڕوو، دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب و رەچاوكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە دامەزرا، بەڵام بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە 4500 گوندی وێران و 182 هەزار ئەنفال و بێسەروشوێنبوونی 12 ههزار گەنجی فەیلی و 8 ههزار بارزانی و كیمیابارانكردنی كوردستان بوو. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، گەلی كوردستان دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەپێناو نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ و پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ، كە تێیدا مافی هەموو لایەك پارێزراو و جێگیر بێت، هەوڵی زۆریان دا. بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی فەرهەنگی هەڕەشە و بە پاشكۆدیتنی كورد و پێشێلكردنی شەراكەت، کەوتنەوە دژایەتیی گەلەکەمان و دەستوور پێشێل کرا و كار گەییشتە تۆڵەسەندنەوە و قووڵتربوونی تایهفەگەری و ئابلۆقەدانی پێشمەرگە و بڕینی بوودجە و لەشکرکێشی و پیلانگێڕان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان.
سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند، ئەگەر دەستووری ئێستای عێراق وەك خۆی جێبەجێ کرابا، زۆربەی کێشەکان روویان نەدەدا و مافی هاووڵاتییان دەپارێزرا، بەڵام لە ئەنجامی پشتگوێخستنی دەستوور و هەوڵدان بۆ تاکڕەوی و خۆسەپاندن، عێراق گەیشتووهتە ئەو دۆخە و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە نەهێشتنی هۆکارەکان هەیە.
سەرۆك بارزانی روونیشی کردەوە، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و بەردەوامیشن، بە راشکاوییش بە شاندی میوانی راگەیاند، ئەو داواکارییانەی بەناوی خۆپێشاندەرانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوکم و دەستکاریکردنی دەستوور دەخرێنە روو، تا ئەو جێیە رەوا و قبوڵکراون، کە دژی مافە دەستووری و شەرعییەکانی گەلی کوردستان نەبن و بنەما دیموکراسییەکانی تەوافوق و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت.
سەرۆك بارزانی هەروەها پێشوازیی لە ئامانجەکانی سەنتەرەکە بۆ دیالۆگ و راگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان کرد و بە هەنگاوێكی زۆر باشی زانی بۆ لێكتێگەییشتن و گەیشتن بە ئەنجامی بەسوود.
H.B
