سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم بڕیارێكی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن
هه‌رێمی كوردستان خۆی بۆ پێشهاته‌كان عێراق ئاماده ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیارێكی هاوبه‌شیان دا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌مواركردن و گۆڕینی ده‌ستووری عێراق و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5/11/2019 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به به‌شداریی جێگر و یاریده‌ده‌ره‌كانیان له باڵه‌خانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ره‌وشی عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كرد و له‌باره‌ی هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێك بۆ گۆڕینی ده‌ستووری عێراق، بڕیاریان دا كه نابێت له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ده‌ست بۆ مافه‌كانی كورد ببرێت.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان له‌گةڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا‌و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقیش به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كردووه.
كۆبوونه‌وه‌كان هاوكاتی ئه‌و بارودۆخه‌یه كه له به‌غدا به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كان و هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی حكوومه‌ت هاتووه‌ته ئاراوه. به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌نگانه‌ی په‌یدابوون بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و ئه‌گه‌ری گێڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ قۆناغه‌كانی پێشوو. له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقدا به سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككهتبوون و یه‌كێك له خاڵه‌كانیش هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووری عێراق بوو.
هه‌روه‌ها ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌رپرسانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ری هه‌یه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا رووداوێكی گه‌وره، یان گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له به‌غدا روو بدات و كوردیش ده‌یه‌وێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پێشهاتێك ئاماده بێت.
به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی رابردوودا له رێگه‌ی په‌یام و به‌یاننامه‌كانیانه‌وه وێڕای ده‌ربڕینی پاڵپشتیی بۆ باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه كه ئه‌و بارودۆخه‌ی له عێراق هه‌یه كه‌ڵه‌كه‌بووی كه‌مته‌رخه‌میی حكوومه‌ته‌كانی پێشوو و جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستووری عێراقه.