نێچیرڤان بارزانی: هه‌مواری ده‌ستوور كه‌شوهه‌وای ئارامی ده‌وێت

سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/11/2019 له‌ باڵخانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ میدیاكان ئاشكرا كرد.

نێچیرڤان بارزانی گووتی: "كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگمان هه‌بوو به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌و هێزانه‌ی له‌ په‌رله‌مان كورسییان هه‌یه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخی عێراق. هه‌مووان هاوڕابوون پاڵپشتی خۆپیشانده‌ران بكه‌ن له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی و شه‌فافییه‌ت‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی".

هه‌روه‌ها گووتی: "هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌م بارودۆخه‌دا یه‌كهه‌ڵوێست بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین یارمه‌تی عێراق و هاووڵاتیانی عێراق بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ ده‌ربچن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "پاڵپشتیی هه‌وڵه‌كانی چاكسازیی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین و هیوادارین به‌ زوویی جێبه‌جێ بكرێت.

نێچیرڤان بارزانی گووتی: "مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسكراوه‌ و باس له‌ رۆڵی لایه‌نه‌كان له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور كرا، ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌ پاڵپشتیی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ن بۆ باشكردنی بارودۆخی عێراق ده‌گیرێته‌به‌ر، به‌ڵام هه‌مووان پێیانوایه‌ له‌ دۆخێكی ئارامدا گۆڕانكاریی ده‌ستووریی بكرێت و هه‌رچییه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لانی عێراق بێت هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان گووتی، حکوومەتی هەرێم لیژنەیەکی داناوە بۆ پرسی دەستوور، بە سەرۆکایەتی وەزیری داد و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و بەشداریی سەرۆک کۆمار. ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت، ئێمە پشتگیریی لە هەموو چاکسازییەک دەکەین کە لە عێراق ئەنجام بدرێت. ئەوەشی دووپاتکردەوە کە کێشەکانی عێراق بەم کابینەیە بەند نییە، بەڵکو کێشەکان بۆ پێشتریش دەگەڕێننەوە. لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: "دڵنیاتان دەکەمەوە کێشەیەکی گەورە لە نێوان هێزە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی نییە، ئەوانەشی هەن، بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن و لەسەر داوای ئێمە سەرۆک کۆمار ئامادە بوو و باسی لە دۆخی ئێستای عێراق کرد. ئاماژەی بەوەشدا، مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەت مەترسییەکانی داعش، مەرجی پاراستنی کوردستان یەک دەنگیی و یەک هەڵوێستیە.

لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم گووتی: "خۆپیشاندانەکان خۆڕسکن، لەگەڵ ئەوەش هەندێک کەس ویستویانە ئەو خۆپیشاندانە بۆخۆیان بەکاربهێنن. سەرکردایەتی عێراق دەنگی خۆپیشاندەران بە جددی وەرگرتووە. هەوڵی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، داخوازییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت".

لەبارەی پەیوەندی هەرێم و تورکیا رایگەیاند، تورکیا دراوسێی ئێمەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لەو پەیوەندییە نەبووە. ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی بەغدا دەکات تاوەکو لەم دۆخەی ئێستای رزگاری بێت، بەڵام ئێمە تەواو پێمان وایە، خەڵکی عێراق شایەنی ژیانێکی باشترن.

لەبارەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی هەرێم گووتی، ئێمە کێشەمان لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، بەڵام هەڵبژاردنیش بکرێت، هەر ئەم سیاسیانەی ئێستا هەڵدەبژێردرێنەوە، چارەسەری کێشەکان بە دانیشتنی لایەنە سیاسییەکان دەبێت تاوەکو کێشەکان دەستنیشان بکەن. هەر لەبارەی هەموارکردنی دەستوور.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "بڕوا ناکەم کەس لە عێراق بیەوێت دەستکەوتەکانی هەرێم کەم بکاتەوە چونکە ئەگەر ئامانج لە هەموارکردنی دەستوور، بەهێزکردنی عێراق بێت، ئەوا پێشێلکردنی مافەکانی کورد، کاریگەری لەسەر ئەو بەهێزییە دەبێت، ئاماژە بەوەشدا، جاران هەندێک پارتی سیاسی بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان خەڵکیان دەهێنایە سەر شەقام، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە نەماوە، خەڵک داوای خزمەگوزاریی و کارەبا و ئاو دەکات.