ئه‌وروپا هه‌ڵوێستی خۆی له هه‌نگاوه‌كانی كشانه‌وه‌ی ئێران له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌ربڕی
بڕیاری تاران ره‌ت ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
یه‌كێتی ئه‌وروپا نیگه‌رانی خۆی له بڕیاری ئێران بۆ كشانه‌وه له پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و چالاككردنه‌وه‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌ربڕی و داواش له ئێران ده‌كات، پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه بێت كه له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ زلهێزانی جیهان واژووی كردووه.
مایا كۆچیانتیتس، وته‌بێژی فه‌رمی بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا گوتی: "ئێمه نیگه‌رانین له‌و راگه‌یاندنه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران، كه گوتبووی: له پابه‌ندبوونیان به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه ده‌كشێنه‌وه"، گوتیشی: "ئێمه هانی ئێران ده‌ده‌ین هه‌موو بڕیاره‌كانی پێچه‌وانه بكاته‌وه و پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پلانی كاری گشتگیر و هاوبه‌ش بێت و هیچ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی هاوشێوه نه‌نێت".
وته‌بێژی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه پشتگیری له ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین و هه‌ر ئه‌و ئاژانسه‌یه بڕیاری فه‌رمی له‌سه‌ر پابه‌ندبوون یانیش كشانه‌وه‌ی ئێران له‌و رێككه‌وتنه ده‌دات و ئێمه‌ش بڕیاری خۆمان له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و ئاژانسه داده‌ڕێژین".
روونیشیكرده‌وه، "رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كلیلی سه‌ره‌كی ئاسایشی ئێمه و ناوچه‌كه‌یه، ئێمه وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وروپا دوای كشانه‌وه‌ی واشنتنیش له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پابه‌ندین به پلانی كاری هاوبه‌ش و گشتگیر"، گوتیشی: "ئێمه پێشتریش به راشكاوانه گوتوومانه: پابه‌ندبوونی ئێمه به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌وه‌ستێته سه‌ر پابه‌ند بوونی ئێران به خاڵه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه".
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا دووپاتیكرده‌وه، "بڕیاری ئێران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یه"، داواشی له تاران كرد، له‌و بڕیاره‌ی پاشگه‌ز بێته‌وه.
ئه‌گنیس فۆن دێر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌مباره‌یه‌وه گوتی: "راگه‌یاندنی ئه‌مڕۆی ئێران بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانی له پیتاندنی یۆرانیۆم پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی ڤیه‌ننایه، كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك چالاكی له‌م بواره ره‌ت ده‌كاته‌وه.. له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان چاوه‌ڕێی راپۆرته‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی ئێران ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "فه‌ره‌نسا هێشتا پابه‌نده به‌و رێككه‌وتنه" داواشی له ئێران كرد، "به‌ته‌واوی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه بێت و هه‌موو هاوكارییه‌كیش له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش به ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی بكات".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مڕۆ
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند، سبه‌ی تاران چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی جێبه‌جێ ده‌كات و هه‌ر كاتێكیش لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و پابه‌ندبوون به به‌ڵێنه‌كانی تایبه‌ت به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هاته پێش، ئێرانیش له هه‌نگاوه‌كانی پاشگه‌ز ده‌بیته‌وه.
سه‌رۆك كۆماری ئێران له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتیشیكرده‌وه، "له سبه‌ی چوارشه‌ممه‌وه له وێستگه‌ی ئه‌تۆمی فۆردۆ ده‌ست به چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش بریتی ده‌بێت له پێدانی گاز به ئامێره‌كانی سه‌نته‌رفیوچی ئه‌و وێستگه‌یه... ده‌كرێت له‌م هه‌نگاوه پاشگه‌زیش بینه‌وه، ئه‌گه‌ر بێت‌و لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی تایبه‌ت به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هاته پێشه‌وه و توانیمان نه‌وتی خۆمان بفرۆشین، ئه‌و كات ئێمه‌ش رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
رۆحانی گوتی: "ئه‌مڕۆ به رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران راده‌گه‌یه‌نم، بۆ ئه‌وه‌ی له سبه‌یه‌وه گاز به زیاتر له هه‌زار ئامێری سه‌نته‌رفیوچی وێستگه‌ی فۆردۆ بده‌ن.. چالاكییه نوێیه‌كه‌مان له‌و وێستگه‌یه له ژێر سه‌رپه‌رشتی پشكنه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌بێت". دووپاتیشی كرده‌وه، ئێران ته‌واوی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه كه هه‌ر جۆره ئامێرێكی سه‌نته‌ر فیوچ به‌رهه‌م بهێنێت.
رۆحانی روونیشیكرده‌وه، دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان به‌رده‌وامن و تاران مۆڵه‌تێكی نوێ به لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌دات كه ماوه‌یه‌كه‌ی بریتییه له 2 مانگ.
پێشتریش تاران دووپاتیكردبووه‌وه، ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ ده‌ستپێكردنی چواره‌م هه‌نگاوی كشانه‌وه‌یان له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كردووه، ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بێت، ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ن.
H.B