مه‌سرور بارزانی: پشتگیری گۆڕانكاری ده‌ستووریی ناكه‌ین ئه‌گه‌ر دەستکاریی ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم بكرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆك و دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/11/5 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای عیراق کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عیراقدایە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەشاندەکە کرد وەک دەستەبژێری رووناکبیری عیراق رۆڵی کاریگەری خۆیان لە یەک نزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق و داکۆکیکردن لە مافە دەستووریی و رەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

دەربارەی داواکانی گۆڕین یان هەموارکردنی دەستووریش، سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە کێشەکانی عێراق هۆکارەکەی ناوەڕۆکی دەستوور نییە بەڵکو جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی دەستوورە.

گوتیشی: "ئێمە پشتگیریی لە هیچ گۆڕانکاری و هەموارکردنێکی دەستوور ناکەین کە دەستکاریی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و کەمیان بکاتەوە".