ترەمپ بۆ نەوتی سووریا ئەرکی سوپاکەی فراوان دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر فراوانکردنی ئەرکی سەربازیی ئەمەریکا لە سووریا دەربڕی

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر فراوانكردنی ئەركی سەربازیی ھێزەكانیان بۆ پاراتسنی كێڵگە نەوتییەكانی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا دەردەبڕێت.

ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشەیتد پرێس، لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكاوە گواستوویەتییەوە كە ترەمپ دەربارەی فراوانكردنی ئەركی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا رازی بووە بەوەی ھێزەكان ئەركی پاراستنی كێڵگەكانی نەوت لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا لە ئەستۆ بگرن.

بەم بڕیارەی ترەمپیش، سەدان سەربازی ئەمەریكی لە سووریا دەمێننەوە و رووبەرێکی 145 كیلۆمەتری لە دێرزوور تا پارێزگای حەسەكە دەپارێزن.

سەرۆکی ئەمەریکا ویست و حەزی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەند کێڵگەیەکی نەوت لە باکووری سووریا نەشاردووەتەوە و بە ئاشکرا دەڵێت، ئەو حەزی لە نەوتی سووریایە.

بۆ ئەم مەبەستەش، هێزێکی تایبەتی سوپای ئەمەریکا لەو ناوچانە دەمێننەوە کە نەوتی لێیە.

H.J