خۆپیشاندانەكان پڕۆژە بودجەی 2020ـی عێراقیان راگرتووە
مەترسی ھەیە ساڵی داھاتوو عێراق بێ یاسای بودجە بێت
K24 - ھەولێر
بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ئامادەکردنی پڕۆژە بودجەی 2020ی عێراق راگیراوە و ئەمەش مەترسی لەسەر نەبوونی پڕۆژە بودجە بۆ عێراق هەیە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە ئەگەر بودجەی عێراق پەسەند نەکرا بەشی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەنێوان هەولێرو بەغدا راگیراوە.
بەپێی یاسای بودجەی 2019 تا کۆتايی ئەمساڵ بەغدا پابەندی رێکكەوتنەکە دەبێت و بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوەی بووەتە جێی پرسیاری هاووڵاتیان ئەگەر بودجەی 2020 پەسەند نەکرا پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دەنێردرێت؟.
رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "ئەگەر خۆپشاندان نەبوایە، لە 15ی مانگی رابردوو چاوەڕێ بووین پڕۆژە بودجە بێتە پەرلەمان و دەست بكرێت بە گفتوگۆكردن لەبارەی ئەوەی كە پشكی ھەرێم لە بودجەی عێراق چۆن دەبێت".
گوتیشی: "ئاسان نییە بەبێ رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێردرێت".
خۆپیشاندانەکانی عێراق جگە لەوەی کارەکانی حکوومەتی عێراقیان سست کردوە ، بونەتە هۆی راگرتنی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغداش ئەمەش چەندین کێشەی هەولێر و بەغدای بەبێ چارەسەر هێشتوەتەوە. بەشێک لە داهاتی هەرێمی کوردستانيش كه لە بەغداوە دێت بۆته جێى بايەخى نوێنەرانى كورد لە بەغدا، ئەو ئەندامەى لیژنەی دارایی دەڵێت "نازانرێت لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکەین، چونكە بڕیاری حکوومەتی عێراق لای کەس نەماوە".
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "پشێویەكانی عێراق وایكردووە ھیچ لایەنێكی دیاریكراو نەبێت كە ھەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ بكات، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تاوتوێی پڕۆژە بودجەی عێراق و پشكی كورد تێیدا".
ھ.م