بەریتانیا پڕۆسەی دەرهێنانی سووتەمەنی لیتەیی رادەگرێت
لە ترسی بوومەلەرزە
K24 – ههولێر:
بەریتانیا پڕۆسەی گەڕان بە دوای سووتەمەنی لیتەیی راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەگەرەکانی بە بوومەلەرزە لە میانی دەرهێنانی گازی یەدەگ کراوە.
ئەندریا لیدسۆم وەزیری وزە و کاری بهریتانیا رایگەیاند، دوای چاوخشاندنەوە بە کۆتا راپۆرتی چالاکی بوومەلەرزەی کۆمپانیای کوادریلا لە بریستۆن نیو رۆت، ئەوە روونبووەتەوە کە ناتوانن کاردانەوەکان لەسەر داهاتووی نیشتێجیبووانی ناوچەکە بە دوور بزانن.
ئەو بهرپرسه باڵایهی بهریتانیا گوتیشی: بەو هۆیەوە، گەیشتووین بەو ئەنجامەی پێویستە بە زووترین کات پڕۆسەی گەڕان بە دوای سووتەمەنی لیتەیی رابگرن.
لەو بارەیەوە دەسەڵاتدارانی نەوت و گازی وڵاتەکە دەڵێن، ناکرێت پێشبینی ئەگەرەکان بکرێن کە بەهۆی گەڕان بەدوای سووتەمەنی لیتەیی لە ئەنجامی هەژاندنی زەوییەوە دروست دەبێت، کە ئەمهش بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی نیگەران کردووە.
ئەو بڕیارە چەند هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن گشتی وڵاتەکە دێت، کە پێشبینی دەکرێت دەرهێنانی نەوت و گاز بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بوروژێندرێت.
بەگوێرەی ئاماری نوویسینگەی نیشتمانی بۆ وردبینی، رێژەی ئۆپۆزسیۆنبوونی دەرهێنانی سووتەمەنی لیتەیی لە رای گشتی بەریتانیاوە لە 21% بۆ 40% بەرزبووەتەوە.
یەکەم هەوڵی کۆمپانیای کوادریلا بۆ دەرهێنانی سووتەمەنی لیتەیی بۆ حەوت ساڵە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک رووداوی بوومەلەرزەی بچووک، کۆمپانیاکە ناچاربوو کارەکانی هەڵپەسێرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی چڕتر بگرێتە بەر.ئەمە لە کاتێکدایە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی لیتەیی، پاڵەپەستۆی هایدرۆلیکی بۆ شکاندنی بەردەکان لە ژێر چینەکانی زەوی بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی گازە قەتیسبووەکان ئازاد بن بۆ بەرهەمهێنان.
بە گوێرەی رووپێوی جیۆلۆجی بەریتانیا ئەو شوێنەی کۆمپانیای کوادریلا کاری تێدا دەکات، نزیکەی 90 ترلیۆن مەتر سێجا گازی لیتەیی کۆگاکراوی تێدایە.
ئەو بڕەش دەتوانێ پێداویستی ناوخۆی بەریتانیا بۆ هەزار ساڵ دابین بکات.
لە کاتێدا رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە بەریتانیا دابەزیووە و لە ساڵی 2004ـەوە بووەتە هاوردەکاری ئەو سووتەمەنیە.