کاتز: جەبەل شێخ چۆڵ ناکەین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی سووریا کرد و رایگەیاند، دەستبەرداری شاخی جەبەل شێخ و ئەو ناوچە ئەمنییە نابن کە کۆنترۆڵیان کردووە و لەوێ دەمێننەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیی گرووپە جیهادییەکان، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەربڕی.

چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە جەبەل شێخەوە کە تەنیا 35 کیلۆمەتر لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریاوە دوورە پەیام دەنێرن، کە بەهیچ جۆرێک شاخەکە و ئەو ناوچە ئەمنییەی کۆنترۆڵیان کردووە چۆڵی ناکەن و دەمێننەوە، تاوەکو رووبەڕووی هەڕەشەی ئەو هێزە جیهادییانە ببنەوە کە لەناو خاکی سووریادان.

کاتز سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران گوتی: ئێران سێ جار ناچاری کردین هێرش بکەینە سەری بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەڕەشەکانی بدەینەوە، هاوکات شکستمان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی هێناوە، هێزە بریکارەکانیمان لەناوبردووە و ژێرخانە ستراتیژییەکانیشیمان کردووەتە ئامانج؛ هەر بۆیە ئامادەین رووبەڕووی بەرەی حەوتەم ببینەوە کە ئێرانە، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی بەرەی شیعە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان بەرگری لە دانیشتووانی جۆلان و جەلیل دەکەن و لە جەبەل شێخیشەوە چاودێریی پێگە سەرەکییەکانی حزبوڵڵا لە دۆڵی بیقاعی لوبنان دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا، وەک چۆن ژێرخانی دوژمنیان لە غەززە و لوبنان لەناوبردووە، لە جەبەل شێخیش سوپای ئیسرائیل شەو و رۆژ لە چالاکیدایە تاوەکو ژێرخانی گرووپە جیهادییەکان بە تەواوی لەناوببات.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ یسرائیل کاتزی لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریا ئامادە بوو و گوتی: "هێشتا هەندێک کار ماوە کە دەبێت ئەنجامی بدەین، ئەرکی سەرەکیش بریتییە لە رووخاندنی ئێران؛ ئێمە زۆر نزیکین لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە و دەزانین لە کۆتاییدا تەواوی ئەو بەرەیە بە یەکجاری دەڕووخێت".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتریش لە گوتارێکدا لە کاتی ئاهەنگی حکوومەت بەبۆنەی سەری ساڵی عیبرییەوە رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەردەوام دەبێت تا رووخاندنی حکوومەتەکەی و پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی ئەم کارە.