ژمارەی قیستەکانی دانەوەی قەرزی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی زیاد کرا
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی خاوەنکاران راگەیاند، بەپێی رێکارەکەش لەپێناو نەهێشتنی ئاستەنگە دارایییەکان، دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ 30 قیست زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی کارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، لەسەر پێشنیازی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیارێکی نوێی بۆ شێوازی دانەوەی قەرزی بەشداریی مانگانەی خاوەنکاران بە شێوەی قیست دەرکرد.
بڕیارەکە بە مەبەستی رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خاوەنکاران، بەردەوامبوونی پڕۆژەکانیان و پاراستنی مافی دەستەبەریی کرێکاران دراوە، بەپێی رێکارە نوێیەکە، ژمارەی قیستەکانی دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی دەستەبەری لە 20 قیستەوە بۆ 30 قیست بەرزکراوەتەوە، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ خاوەن پڕۆژەکان تاوەکو خۆیان لە رووی یاسایییەوە رێکبخەنەوە و نووسراوی پشتگیریی فەرمی بەدەستبهێنن بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانیان لە بازاڕدا.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستاوە ئەو خاوەنکارانەی قەرزی دەستەبەرییان لەسەرە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بە مەبەستی سوودمەندبوون لەم ئاسانکارییە و رێکخستنەوەی قەرزەکانیان.