توركیا و رووسیا پێشه‌نگی کڕیارانی زێڕن

تورکیا کڕینی زێڕی زیادکردووە

K24 – هه‌ولێر:

بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەردەوامن لە کۆگاکردنی زێڕ، بە گوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی، تەنیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بە رێژەی کڕینەکە 12% بەراورد بە سێ مانگی سێیەمی ساڵی 2018 زیادیکردووە.

بە جۆرێک کڕینی ئەو کانزا زەردە لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە 547.5 تۆن بووە لەمساڵ، کە 156 تۆن لە مانگی تەممووز تا مانگی ئەیلوول کڕدراوە.

هاوکات رووسیا و چین و تورکیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتەنەن کە کڕیاری زێڕ بوونە، بە گوێرەی داتاکان کۆگاکراوی تورکیا لە 71.4 تۆنەوە بۆ 380 تۆن بەرزبووەتەوە، ئەمساڵیش وڵاتەکە زۆرترین زێڕی کڕیووە، کە تا مانگی ئاب 41.8 تۆن زێڕی کڕیووە.

هەروەها رووسیاش لە پلەی دووەمدایە، لە کاتێکدا ساڵی 2018 گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهان  ئەمساڵیش بەردەوام بووە لە كڕینی ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتەکە بۆ هەمەجۆرکردنی یەدەگی وڵاتەکەی و دوورکەوتەوە لە دۆلاری ئەمه‌ریکی.

لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ رووسیا 35 تۆن زێڕی لە یەدەگی وڵاتەکەی زیادکردووە. بەوەش کۆی یەدەگی وڵاتەکە لە زێڕ 2242 تۆن.

سەبارەت بە چینیش، کە بەردەوامە لە کۆگاکردنی زێڕ، لە ماوەی مانگی تەمموز تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ 21.8 تۆن زێڕی کڕیووە، کۆی یەدەگەکەی گەیشتووەتە 1957 تۆن. هەروەها بانکی ناوەندی چین تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 100 تۆن زێڕی کڕیووە، لە کاتێکدا لە جەنگی سەپاندنی پێناسی گومرگی لەگەڵ ئەمه‌ریکا بەردەوامە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە 14 بانکی ناوەندی لەسەرتاسەری جیهان، بە بڕی تەنێک یان زیاتر لە سێ مانگی سێیەمی ئەمساڵ بۆ زیادکردنی یەدەگیان زێڕیان کڕیووە، ئەوەش بەو ئاراستەیە کە بانکی ناوەندی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان دەیانەوێت یدەگی وڵاتەکانیان زیاد بکەن.