ترەمپ: تاران داڕماوە و چیتر بەدوای رێککەوتنی ئەتۆمیدا ناگەڕێین
ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا نۆ کەشتی و تانکەری نەوتی ئێرانیان تێکشکاندووە، و جەنگەکە یەکسەر دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت، ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین گفتوگۆی هەبووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و رەنگە کۆبوونەوەی سێقۆڵیش ئەنجام بدەن
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بنکەی سەربازیی ئەندرۆس لە ویلایەتی مێریلاند، پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی تەکساس، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کەشتی و تانکەرەکان، رایگەیاند، "هێرشەکان لەلایەن ئێمەوە ئەنجام دەدرێن؛ ئێمە نۆ لە کەشتی و تانکەرەکانی ئەوانمان تێکشکاندووە و لە دەستچوون، لە داهاتووشدا زۆر زیاتر دەبینن".
دەربارەی ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمیش ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوەی دەیکەین زۆر لە رێککەوتنی ئەتۆمی زیاترە، ئەتۆمی بە رێژەی 99.9% لەسەر مێز دەبێت، بەڵام پرسێکی دیکەش دەخرێنە سەر مێزەکە کە سێ مانگ پێش ئێستا لە ئارادا نەبوون". لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران، گوتی: "لە سەرەتادا دەمویست رێککەوتن بکەم، بەڵام ئێستا بەدوایدا ناگەڕێین چونکە وڵاتەکەیان شتێکی ئەوتۆی لێ نەماوەتەوە، دانوستاندن دەکرێت رووبدات بەڵام ئێستا ئامانجمان نییە".
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم جەنگە یەکسەر دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کۆتایی دێت، "چونکە ئەوان چیتر توانای خۆڕاگرییان نەماوە و ناتوانن بەرگە بگرن؛ ئەوان دەیانەوێت کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دابنێن بۆ ئەوەی دەستەیەکی لاواز لە ئەمریکا بێنە سەر دەسەڵات تا دەستبەرداریان بن و ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە". باسی لەوەش کرد کە دۆخی ناوخۆی ئێران داڕماوە، هەڵاوسان گەیشتووەتە 300%، دراوەکەیان بێبەهایە، مووچەی سەربازەکانیان پێ نادرێت و گوتی: "ئێمە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز و گەلێک شتی دیکەشمان کردووە".
نرخی نەوت و گازۆلین
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ترەمپ روونی کردەوە: "روونکردنەوەی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا زۆر ئاسانە؛ تەنیا پێیان دەڵێیت: ئایا رێگە دەدەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؟ وەڵامەکەش نەخێرە". بەڵێنی ئەوەشی دا کە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردن، نرخی نەوت دادەبەزێت و نرخی گازۆلینیش بۆ خوار دوو دۆلار بۆ هەر گالۆنێک کەم دەبێتەوە.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا
سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا هەبوو، ئەو دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، ئەگەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بیەوێت رێککەوتن بکات ئەوە زۆر باش دەبێت".
لەبارەی بەربەستی بەردەم ئاشتیش گوتی: "کێشەکە بوونی دوو کەسە کە رقیان لە یەکترە، لە کاتێکدا هەردوولایان لە جەنگ بێزار بوون و مانگی رابردووش 25 هەزار کەس کوژراون". هەروەها ئەگەری رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیشی لە نێوان خۆی و پووتین و زێلێنسکیدا بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: "دەکرێت رووبدات".