جوتیاره نموونه‌ییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌مه‌كانی ده‌هێنێته هه‌ولێر
به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له پیشانگه‌كه‌دا پشتیوانیكردنیانه له كه‌رتی كشتوكاڵ
K24 – هه‌ولێر:
بڕیاره رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، ئازاد محه‌مه‌د، كه به جوتیاره نموونه‌ییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌ناسرێت، پیشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی بكاته‌وه.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، ئازاد محه‌مه‌د رایگه‌یاند، یه‌كشه‌ممه (10ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) كاتژمێر 10ی سه‌ر له به‌یانی پیشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌رهه‌مه كشتووكاڵییه‌كان و باخدارییهكانم له به‌رده‌م پاركی شانه‌ده‌ری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌مه‌وه.
گوتیشی: له‌و پیشانگه‌یه‌دا، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه كشتوكاڵی و باخدارییهكان ده‌خه‌مه‌ڕوو، له‌گه‌ڵ نموونه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له ده‌ره‌وه هێناومن و له ژینگه‌ی كوردستان به‌رهه‌مم هێناون.
روونیشیكرده‌وه، پیشانگه‌كه‌ی ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ هاوكاریكردنی كه‌رتی ناوخۆ و به‌رهه‌می ناوخۆیی و به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له پیشانگه‌كه‌دا پشتیوانیكردنیانه له كه‌رتی كشتوكاڵ و باخداری هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له پیشانگه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانی (برنجی كوردی، چای كوردی، سۆیا، تری، كوله‌كه، هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، گوێزی هه‌ورامان، دۆشاوی توو و دۆشاوی شۆكه) ده‌خرێنه‌ڕوو و به نرخێكی گونجاو ده‌فرۆشرێن.