ئەمه‌ریکا و چین لەسەر لادانی پێناسە گومرگییەکان رێککەوتن

پێناسە گومرگییەکان لاده‌به‌ن

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی بلوومبێرگ، کە لەسەر زمانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گواستوویەتییەوە، واشنتن و پەکین رێککەوتوون لەسەر لادانی پێناسە گومرگییەکان کە لە ماوەی جیاوازدا بەسەر یەکدی سەپاندبوویان.

هەروەها لە هەفتەکانی داهاتوودا، بڕی پێناسە گومرگییە هەڵوەشاوەکان وەک قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بڵاودەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ وردەکارییەک بڵاونەکراوەتەوە. ئەوەش دوای دوو هەفتە گفتووگۆی چڕو پڕی نێوان هەردوو وڵات دێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانی نێوانیان. 

بەڵام بازاڕەکانی چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەو هەواڵەن لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکاوە، کە تێیدا نەخشە رێگەی واژۆکردنی رێککەوتنە ئاشکرا دەبێت، و کۆتایی بە جەنگی بازرگانی نێوان یەکەم و دووەم گەورە ئابووری جیهان دێت، هەروەها ئەو بارگرانییەی سەر ئابووری جیهان لادەچێت.

بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنی دانوستاندنەکانەوە داواکاری پەکین لە واشنتن ئەوە بووە کە پێناسە گومرگییەکان کە وەک سزا بەسەر کاڵای هاوردەکراوی چینی سەپاندوویەتی هەڵی بگرێت.

ئەو سەرچاوەیەی بۆ بلوومبێرگ قسەی کردووە گوتی: هەردوو وڵات  لە گفتوگۆدان بۆ دەستیشانکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ واژووکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کات و شوێنی رێککەوتنەکە ئاشکرا نەکراوە.