بەھۆی شەڕی توركیا و پەكەكە گوندەكانی سەر سنوور چۆڵ دەكرێن
دوو گوندی دیكەی سیدەكان چۆڵكران
K24 - سۆران
بەھۆی رەوشی خراپی ناوچە سنورییەکان دانیشتووانی دووگوندی دەڤەری برادۆست لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە گوندەکانیان چۆڵکرد. ئیدارەی ناوچەکەش ئاژە بۆ ئەوە دەکات 20 گوندی دیکەی ھەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە.
سلێمان عەزیز، ھاووڵاتییەكی دەڤەری برادۆستە و بەھۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیا گوندەكەیان چۆڵكردووە، ئەو بە كوردستان24ی گوت: "ھەموو خەڵكی گوندەكەمان ئاوارە بوونە، برازایەكم بەھۆی بۆردومانەكان برینداربوون قاچێكی بڕایەوە، ھەروەھا كوڕەمام و چەند كەسێكی دیكە لە بنەماڵەكەمان بریندار بوون".
گوتیشی: "جگە لە زیانی گیانی زیانی زۆر بەر رەزوباخەكانمان كەوتووە، ھەر بەوھۆیەوە زۆربەی ھەنگەكانمان لەناوچوون.
بەشێك لە خەڵكی گوندەكانی برادۆست، گوندەكانیان چۆڵ كردووە لە دووری ناوچە مەترسیدارەكان لە ژێر خیوەت و چادر دەژین.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان دەڵێ: "جگە لە شەھیدبوونی چەند ھاووڵاتییەكی ناوچەكە و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە، لەم ماوەیەدا دوو گوندی دیكە لە سنووری سیدەكان چۆڵكران".
راشیگەیاند: "تائێستا 40%ی گوندەكانی سنوورەكە چۆڵكراون، بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە چاوەڕێ دەكرێت خەڵكی دیكەش لە سنووری ناحیەی سیدەكان ئاوارە بن. بە گشتی ئێستا 20 گوند لە ژێر مەترسی چۆڵ بوون دان".
دەڤەری برادۆست دەکەوێتە سیگۆشەی سنووری نێوان باشوور، رۆژھەڵات و باکووری کوردستان، کەم رۆژ ھەیە دەنگی تەقەی تێدا نەبیسترێ، بەھۆی بەریەکەوتنە بەردەوامەکانی تورکیا و پەکەکە و بەزاندنی 30 کیلۆمەتری قوڵایی خاکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیا، لەکۆی 262 گوند 115یان بە چۆڵی ماونەتەوە.
ھ.م