چین دەست بە توێژینەوە دەکات بۆ پەرەپێدانی 6G

ئینتەرنێتی نەوەی شەشەم پێشده‌خات

K24 – هه‌ولێر:

بە فەرمی چین دەستی بە توێژینەوە کرد بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نەوەی شەشەم، لە کاتێکدا تا ئێستا کێشەکانی لە بارەی نەوەی پێنجەم لەگەڵ ئەمه‌ریکا کۆتایی پێنەهاتووە.

رۆژنامەی زانست و تەکنەلۆژیای رۆژانە، کە سەر بە وەزارەی زانست و تەکنەلۆجیای چینە رایگەیاند، وەزارەتەکانی حکوومەت و دامەزراوەکانی توێژینەوە ئەم هەفتەیە کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە دەست بە توێژینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای 6G بکەن.

ئەو هەنگاوەی چین لە کاتێکدایە وڵاتەکە لە رکابەری کردنە بۆ بڵاوکردنەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی 6G لە وڵاتان، کەخێراییەکەیی 20 هێندەی خێرایی نەوەی چوارەمە. 

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی شوباتی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە توویتێکیدا بڵاویکردەوە، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە نزیکترین کاتدا دەست بە پەرەپێدانی ئینتەرنێتی نەوەی شەشەم بکەن و داوای لە کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان کرد بۆ ئەو مەبەستە تەواوی تواناکانیان بخەنە گەڕ.