نرخی نەوت دابەزی
بەهۆی نادڵنیاییەکان لە جەنگی بازرگانی نرخی نەوت دادەبەزێت
K24 - ھەولێر
بەهۆی نا دڵنیایەکان لە گەیشتنی ئەمەریکا و چین بە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی بازرگانی نیوانیان، نرخی زێڕ لە گەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی هەفتەدا دابەزی.
نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.9% و55 سەنت بۆ 61.96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە رێژەی 1.3% بەرزبووەوە، هاوکات نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 0.8% و 47 سەنت بۆ 56.77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە رێژەی 1.9% بەرزبووەوە.
ئەمە دوای لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دێت، کە رۆژی شەممە 9ـی ئەم مانگە رایگەیاند، دانوستاندنە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچن، بەڵام واشنتن هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ پەکین ناکات تا دڵنیا نەبێت باشترین بژاردەیە بۆ ئەمەریکا.
هاوکات ترەمپ گووتیشی، هەندێک راپۆرت بڵاوکرایەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە پێناسە گومرگییەکان لە سەر کاڵای هاوردەکراوی چین وەک قۆناخی یەکەمی رێککەوتن هەڵبگرێت، بەڵام ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
جەنگی بازرگانی نێوان دوو زلهێزترین وڵاتی جیهان 16 مانگە بەردەوامە کە بە نەرێنی لە سەر گەشەی ئابووری جیهان شکاوەتەوە، و وایکردووە خواست بۆ نەوتی خاو کەمبێتەوە، هاوکات مەترسییەکانی بۆ خستنەڕووی نەوت لە ساڵی 2020 زیادکردووە.
ھ.م