نێچيرڤان بارزانى پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی دووپاتكرده‌وه
بۆ چاكسازى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داواكاريى ڕه‌واى هاووڵاتيان
K24 – هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئارامى و سهقامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ چاكسازى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داواكاريى ڕه‌واى هاووڵاتيان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له پێويستى و گرنگيى هه‌ڵگرتنى به‌رپرسياريه‌تى و پشتگيريى لايه‌نه سياسييه‌كان له كابينه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دووپات كرده‌وه.
نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى كه له جێگرانى سه‌رۆك و سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو، سهربهيانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 13/11/2019 به سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق و كاريگه‌ريى دۆخه‌كه له‌سه‌ر ته‌واوى عێراق تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانى خۆپيشاندانه‌كان و ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ى بۆ چۆنيهتيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان و دۆخه‌كه‌دا نراون و گيراونه‌ته به‌ر.
په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه، دۆخى ئه‌منيى عێراق به‌گشتى و مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر، چۆنيهتيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌مباره‌يه‌وه، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.